بە بڕیاری حکومەتی ئێران، لە ئەمڕۆوە نرخی بەنزینی ئازاد لە ٥ هەزار تمەنەوە بۆ ١٠ هەزار تمەن بۆ هەر لیترێک بەرزبووەوە. ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە که ڕۆژانە نزیکەی ١٥ ملیۆن لیتر کورتهێنانی بەنزین لە وڵاتدا هەیە و سزاکانی ئەمریکاش کێشەکەی قوڵتر کردووەتەوە.
سیستەمی دابەشکردنی بەنزین بە سێ نرخ
نرخی یەکەم: مانگانە ٦٠ لیتر بەنزین بە نرخی ١٥٠٠ تمەن بۆ هەر لیترێک دەدرێت بە هەر ئۆتۆمبێلێک.
نرخی دووەم: ٥٠ لیتری دیکە بە نرخی ٣٠٠٠ تمەن دابین دەکرێت (کۆی گشتیی پشکی پاڵپشتیکراو ١١٠ لیترە).
نرخی ئازاد: هەر بەنزینێک زیاتر لەو بڕە بەکاربهێنرێت، لەمڕۆوە لەبری ٥ هەزار تمەن، بە ١٠ هەزار تمەن دەفرۆشرێت.
هۆکارەکانی کورتهێنانی بەنزین بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی نەوت، بەکارهێنانی ڕۆژانەی بەنزین لە ئێران گەیشتووەتە نزیکەی ١٣٥ ملیۆن لیتر، لە کاتێکدا توانای بەرهەمهێنانی پاڵاوگەکان ١١٠ بۆ ١١٢ ملیۆن لیترە و پتروکیمییەکانیش تەنها ٩ ملیۆن لیتر دابین دەکەن. بوونی ملیۆنان ئۆتۆمبێلی کۆن، نەبوونی سیستەمی گواستنەوەی گشتیی کارامە، و زیانبینینی ژێرخانی وزە لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا، هۆکاری سەرەکیی ئەم قەیرانەن.
سەرەڕای ناڕەزایەتیی هاوڵاتییان لە بەرانبەر سەرە درێژەکانی بەنزینخانەکان و دابەزینی ئاستی بژێوی، شارەزایان پێیان وایە تەنها چاکسازیی ژێرخانی وزە و نوێکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکان دەتوانێت ئەم کێشەیە بە ڕیشەیی چارەسەر بکات.