بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، تاوەکو سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ قەرزە ناوخۆییەکانی حکوومەتی عێراق گەیشتووەتە 103 تریلیۆن و 179 ملیار دینار، لە کاتێکدا لە کۆتایی مانگی نیساندا 95 تریلیۆن و 670 ملیار دینار بووە.
لە لایەکی ترەوە، وەزارەتی دارایی عێراق ئاشکرای کردووە کە مانگانە بۆ دابینکردنی مووچە و خەرجییە گشتییەکان پێویستیان بە 10 تریلیۆن و 800 ملیار دینار هەیە، لە کاتێکدا داهاتی فرۆشتنی نەوت تەنها دوو تریلیۆن و 500 ملیار دینارە.
میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە کە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە قورسە داراییە، پێشنیازی فرۆشتنی سەدان موڵکی دەوڵەت و تەواوی کۆشکەکانی سەدام حەسێن خراوەتە بەردەم سەرۆکوەزیرانی عێراق.
مەزهەر مۆحەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، هۆکاری ئەم دۆخە سەختە دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، و پێشنیاز دەکات کە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە پشت بە قەرزی دەرەکی ببەسترێت باشترە.