دانیشتوان و کاسبکارانی قەزای پێنجوێن دژایەتیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی و بەستنی پێوەری زیرەک ڕاگەیاند و بۆ ئەم مەبەستە مانگرتنی گشتی و خۆپیشاندانی سەرتاسەرییان لە شارۆچکەکەدا دەست پێکرد.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری نووچە تیڤی، لە بەیانیی زووەوە کاسبکاران و دوکاندارانی ناو بازاڕی پێنجوێن دەرگای دوکانەکانیان داخستووە و ڕەوتی کاسبی وەستاوە. ناڕەزایەتییەکان دوای ئەوە هاتن.
دانیشتوانی ناوچەکە جەخت دەکەنەوە، نرخی کارەبای پڕۆژەکە زۆر گرانە و بارگرانییەکی گەورەی دارایییان بۆ دروست دەکات. ئاماژە بەوەش دەکەن، پێنجوێن ناوچەیەکی کوێستانی و سارد و کەشوهەوایەکی سەختە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی زۆری ژیانی خەڵکەکە بە کشتوکاڵ بەندە، بەم هۆیەوە پێویستییان بە بەکارهێنانی بڕێکی زۆرتری وزەی کارەبا هەیە بۆ گەرمکردنەوە و بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی، بەمەش سەپاندنی نرخی نوێی پڕۆژەی ڕووناکی لەگەڵ بارودۆخی جوگرافی و بژێویی ڕاستەقینەی ناوچەکەیاندا ناگونجێت.
دوای زیاتر لە حەوت کاتژمێر لە بەردەوامیی مانگرتنی گشتی، نوێنەرانی خۆپیشاندەران بانگهێشتی بینای قایمقامیەتی پێنجوێن کران تاوەکو لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ناوچەکە دانوستان بکەن. جێی ئاماژەیە، جگە لە پرسی کارەبا، پێنجوێنییەکان هاوکات داوای چارەسەرکردنی ڕێگەوبانە خراپەکان و نۆژەنکردنەوەی بینای دامەزراوە حکومییەکانی قەزاکەیان دەکەن.