وه‌ك ناڕه‌زایه‌تییه‌ك دژی سیستمی ئه‌سیكۆدا و زیادكردنی باج، زۆربه‌ی دوكان و بازاڕ و ناوه‌نده بازرگانییه‌كانی شاری به‌غداد بۆ رۆژی دووه‌م له‌سه‌ریه‌ك نه‌كرانه‌وه و مانگرتن و خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تیی به‌رفراوان به‌رده‌وامه.
ئه‌مڕۆش هاوشێوه‌ی رۆژی شه‌ممه له زۆربه‌ی دوكان و بازاڕ و ئه‌و شوێنه گشتیانه‌ی ناوه‌ندی ئاڵوگۆڕی بازرگانین له شاری به‌غداد، به‌تایبه‌تی خاوه‌ن دوكان و بازرگانه‌كانی بازاڕی شۆریجه و شه‌قامی پیشه‌سازیی و شه‌قامی ره‌شید و روبه‌یعی و كه‌ڕاده و گۆڕه‌پانی نه‌سر و زه‌یونه و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیکەی سه‌ره‌كیی بازرگانی شاره‌كه، دوكانه‌كانیان نه‌كرده‌وه و ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا دژی سیستمی نوێی ئه‌سیكۆدا و زیادكردنی باج له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه له‌سه‌ریان.
دوكاندار و بازرگانه‌كانی شاری به‌غداد هۆشداریی توند ده‌ده‌نه حكومه‌تی عێراق و ده‌ڵێن، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت به‌سه‌ر بڕیاره‌كانیدا نه‌چێته‌وه و زیادكردنی باج هه‌ڵنه‌وه‌شێنێته‌وه، خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیان به‌رفراوانتر ده‌كه‌ن.
ده‌شڵێن: وڵات ناسه‌قامگیره و بارودۆخ و گوزه‌رانی خه‌ڵك باش نیه، هه‌ر بۆیه سیستمی ئه‌سیكۆدا نا دادپه‌روه‌رانه‌یه و بارگرانیی بۆ ئه‌وان و گیرفانی خه‌ڵكیش دروست ده‌كات، چونكه ده‌بێته هۆكاری زیادبوەنی نرخی هه‌موو كاڵا و كه‌لوپه‌ل و پێداویستیه سه‌ره‌كیه‌كانی رۆژانه‌ی خه‌ڵك گران ده‌بێت.
ژووری بازرگانیی به‌غداش داوا ده‌كات حكومه‌ت ئه‌و بڕیاره‌ی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه و زیادكردنی باج هاوشێوه‌ی وڵاتانی دراوسێ بێت، پشتیوانیی خۆشی بۆ دوكاندار و بازرگانه‌كان دووپاتكرده‌وه.
سیستمی ئه‌سیكۆدا سیستمێكی ئه‌له‌كترۆنیی نێوده‌وڵه‌تیه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی گومرگ، حكومه‌تی عێراق ماوه‌یه‌كه له ده‌روازه و فڕۆكه‌خانه‌كان جێبه‌جێی ده‌كات، به‌ڵام بازرگانان ده‌ڵێن بارگرانیی بۆ دروستكردوون و بووه‌ته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی باج له‌سه‌ریان، ئه‌وه‌ش نرخی كاڵا و كه‌لوپه‌لی رۆژانه‌ی ته‌واو گران كردووه و ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش به‌رده‌وام بێت گرانتر ده‌بن.