ڕێژنه سهردار
دوای تێپەڕینی زیاتر لە 48 کاتژمێر بەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەستدا، داتاکانی شوێنپێ هەڵگرتنی کەشتییە بارهەڵگرەکان، ئاماژە بەوە دەکەن هێشتا گەرووی هورمز لە ژێر سێبەری ترس و نادڵنیاییەکی زۆردایه.
بە گوێرەی شیکارییە وردەکانی "هاتوچۆی دەریایی، لە كات ئاگربهستهوه تا ئێستا تەنیا 9 کەشتی توانیویانە لەو دەروازە ستراتیژییە تێپەڕن، لە نێویاندا تەنیا دوو کەشتیی نەوتهەڵگر و تانکەرێکی گواستنەوەی ماددە کیمیاییەکان دەبینرێن.
ئەمهش ژمارە کەم و سنووردارە نیشانەیەکی ڕوونیشە بۆ ئەوەی هێشتا کۆمپانیا گەورەکانی گواستنەوەی دەریایی متمانەی تەواویان بە سەقامگیریی ناوچەکە نییە و وەک "ناوچەی سوور" سەیری گەرووەکە دەکەن.
ئەم وەستانە کتووپڕەی هاتوچۆی دەریایی لە کاتێکدایە کە به گوێرهی ئامارە فەرمییەکانی "ناوەندی هاوبەشی هەواڵگری دەریایی"، پێش هەڵگیرسانی جەنگ ڕۆژانە بە تێکڕا 138 کەشتی بە جۆرە جیاوازەکانیانەوە بەو گەرووەدا تێدەپەڕین، بەڵام ئێستا ئەو ترافیکە گەورەیە گۆڕاوە بۆ جوڵەیەکی زۆر خاو.
ڕیچارد مید، سەرنووسەری دامەزراوەی "لیستی لۆیدز" بۆ میدیای دەریایی، ئاشکرایدەکات، ئێستا نزیکەی 800کەشتیی بازرگانی و نەوتهەڵگر لە دەوروبەری گەرووی هورمز و ناوچەکانی نزیکی، گیریان خواردووە و ناتوانن بڕیاری تێپەڕبوون بدەن.
ئەم جەنجاڵییە و وەستانی کەشتییەکان زیانی ملیۆنان دۆلاری لە بازرگانیی نێودەوڵەتی داوه، مانەوەی ئەم دۆخە بەمشێوەیە، نیشانیدەدات تەنانەت دوای ئاگربەستیش، گەرووی هورمز وەک گەورەترین کارتی گوشار لە دەستی ئێراندا ماوەتەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوەڕێی گەرەنتییەکی کردەیی و سەربازیی دەکات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دڵنیایی بۆ کەرتی گواستنەوەی دەریایی بگەڕێتەوە.