داتا فەرمییەکانی ناوەندی ئاماری ئێران بۆ مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦، وێنەیەکی نەرێنی لە دۆخی بژێویی خەڵکی پارێزگای سنە (کوردستان) پێشان دەدەن.
ئامارەکان دەردەخەن کە ئەم پارێزگایە لە زۆربەی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکانی خۆراکدا، نەک هەر لە تێکڕای ئێران گرانترە، بەڵکو لە چەندین کەرتی سەرەکیدا لە ڕیزی یەکەم و پێشەنگی پارێزگاکانی ئێراندایە لە گرانیدا.
ئەوەی ئەم ڕاپۆرتە نیشتمانییەی ئامار نیشان دەدات ئەوەیە کە پشکی شێری هەڵاوسان و گرانی، نەک لەسەر کاڵا گرانبەهاکان، بەڵکو لەسەر ئەو پێداویستییانەیە کە ستوونی سەرەکیی سفرەی خەڵکن؛
لە نان و ڕۆنەوە بگرە تاوەکو میوە و شەکر. ئەمەش لە پارێزگایەکدا کە بەهۆی ڕێژەی بەرزی بێکاری و کەمیی داهاتەوە دەناسرێتەوە، گوشارێکی بێوێنەی خستووەتە سەر هاووڵاتییان.
پۆلێنکردنی گرانیی کاڵاکان لە کوردستان بەپێی ئاماری فەرمی بەم شێوەیەیە:
ڕۆن (پلەی دووەمی ئێران): بەربوونەوەی نرخ لە کوردستان گەیشتووەتە ٢٧ لە کاتێکدا تێکڕای وڵات ١٩٤.٩ بووە، هەڵاوسانی ساڵانەی ڕۆن لە کوردستان ١٨٢.٩٪ بووە، لە کاتێکدا لە تێکڕای ئێراندا ١٤٤.١٪ بووە.
میوە (پلەی سێیەمی ئێران): هەڵاوسانی ساڵانە لە وڵاتدا ٤٣.٥٪ بووە، بەڵام لە کوردستان گەیشتووەتە ٤٩.١٪، ئەمەش وایکردووە میوە لە سفرەی خێزانە کەمداهاتەکاندا بەرەو سڕینەوە بچێت.
چا، قاوە و خواردنەوەکان (پلەی پێنجەمی ئێران): ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی ئەم گروپە لە کوردستان ٨٤.٢٪ بووە (تێکڕای ئێران ٧٨٪ بووە.
قەند، شەکر و شیرینی (پلەی پێنجەمی ئێران): هەڵاوسانی ساڵانە لە کوردستان ٦٧.٤٪ بووە، لە کاتێکدا لە تێکڕای وڵاتدا ٦٣٪ بووە.
ماسی و بەرهەمە دەریاییەکان (پلەی شەشەمی ئێران): هەڵاوسانی ساڵانەی لە کوردستان ٦٩.٥٪ بووە (تێکڕای ئێران ٦٢.٢٪ بووە).
نان و دانەوێڵە (پلەی یازدەیەمی ئێران): هەرچەندە لە ڕیزبەندییەکەدا لە دواوەیە، بەڵام هەڵاوسانی ساڵانەی نان لە کوردستان (١٣١.٤٪) هێشتا لە تێکڕای وڵات (١٢٠.٧٪) بەرزتربووە.
پسپۆڕانی ئابووری دەڵێن ئەم گرانییە بەردەوامە نیشانەی کێشەی بنەڕەتییە لە تۆڕی دابەشکردن، تێچووی بەرزی گواستنەوە، دەستی نێوەندگیرەکان و لاوازیی چاودێریکردنی بازاڕ لە لایەن بەرپرسانی پارێزگاکەوە. بەردەوامیی ئەم دۆخە مەترسیی قووڵبوونی زیاتری لێکەوتە کۆمەڵایەتی و تەندروستییەکانی لەسەر خەڵکی کوردستان دروست کردووە.