ژمارەیەک لە خانەنشینانی ڕێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لە بەردەم باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ئەو پارێزگایە ساز کرد، ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەک دژ بە خراپیی دۆخی بژێوی و ئەو گوشارە داراییە قورسانەی بەهۆی هەڵاوسان و گرانیی بازارەوە لەسەریانە.
بەشداربووانی گردبوونەوەکە لە کرماشان، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ لەبارەی کێشە داراییەکانیان بۆ دابینکردنی بژێوی و خەرجییەکانی ڕۆژانەی خێزانەکانیان، بە بەرزکردنەوە و گوتنەوەی چەندین دروشمی جۆراوجۆر داوایان لە بەرپرسانی حکومەت کرد ئاوڕێکی جدی لە دۆخی ئابووریی و کەمبوونەوەی توانای کڕینی چین و توێژەکانی خانەنشینان بدەنەوە.
خۆپیشاندەران لە گردبوونەوەکەیاندا جەختیان لەوە کردەوە، کە سیاستە گشتییە ئابوورییەکانی دەسەڵاتداری بوونەتە هۆی دابەزینی بەردەوامی بەهای داهاتەکەیان و بچووکبوونەوەی خوانی هاوڵاتیان و ڕایانگەیاند، چیدیکە ناتوانن بەرگەی گرانی بگرن، بۆیە داوای جێبەجێکردنی چاکسازیی ڕاستەقینە و باشترکردنی خێرای بارودۆخی گوزەرانیان دەکەن.