توێژینەوەیەکی نوێی پەیمانگەی توێژینەوەی سیاسەتە گشتییەکان (IPPR) لە بەریتانیا ژێر ناونیشانی "تەنیا ژیاوترین نەوە" ئاشکرای دەکات، کە دیاردەی تەنیایی لەنێوان گەنجاندا بە شێوەیەکی بەردەوام ڕوو لە هەڵکشانە و ئاستی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان دادەبەزێت.
بە گوێرەی توێژینەوەکە، لە هەر 20 گەنجێک لە بەریتانیا یەکێکیان هیچ هاوڕێیەکی نزیکی نییە، کە ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2014 پێنج بەرامبەر زیادی کردووە. توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەم دۆخە تەنیا هەڵبژاردنێکی کەسیی نییە، بەڵکو لێکەوتەی بارودۆخی سەختی ئابووری و کۆمەڵایەتییە، بەجۆرێک گەنجان لە کڕینی خانوو، دۆزینەوەی کاری ئارام و دەستگەیشتن بە پەروەردەی گونجاو ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە، ئەمەش سەربەخۆیی ئابوورییان دوا دەخات.
هەروەها لە توێژینەوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، سیاسەتە ئابوورییەکان و لاوازبوونی کایە کۆمەڵایەتییەکان گوشاری زۆریان خستووەتە سەر پەیوەندییە هاوڕێیەتییەکان.
لە لایەکی ترەوە، بڵاوبوونەوەی سۆشیاڵ میدیا و بەکارهێنانی بەردەوامی پلاتفۆرمەکانی وەک تیک تۆک نەبووەتە جێگرەوەی پەیوەندییە ڕاستەقینەکان، بەڵکو کاتکوژیی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەستی دابڕان و تەنیایی لەنێو گەنجاندا زیاتر قووڵ کردووەتەوە.