دارستانەکان یەکێکن لە گرنگترین سامانە سروشتییەکانی سەر زەوی کە ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە پاراستنی هاوسەنگیی ژینگە، بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاودا دەگێڕن، بەڵام بەهۆی دیاردەی بڕینەوە و سووتاندنی بەردەوامەوە، مەترسیی جددییان لەسەر دروست بووە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "ایسنا"ی ئێرانی، دارستانەکان وەک ئیسفەنجێکی سروشتی کار دەکەن؛ لە کاتی بارانباریندا گەڵا و لقەکانیان ڕێگری لە دروستبوونی لافاو و بەهەڵمبوونی خێرای ئاو دەکەن و ڕەگەکانیان ئاوەکە ئاڕاستەی ژێر زەوی دەکەن، کە ئەمەش سەرچاوە ئاوییە ژێرزەوییەکان دەوڵەمەند دەکات و خاک لە ڕامالین و بێپیتبوون دەپارێزێت.
شارەزایانی ژینگە ئاماژە بەوە دەکەن، دارستانەکان نەک تەنیا هەوا پاک دەکەنەوە و پلەی گەرما دادەبەزێنن، بەڵکو وەک بەربەستێک لە بەرامبەر بڕین و ڕەشەبا و تەپوتۆز کار دەکەن. لەو ناوچانەی داری دارستانەکان دەبڕدرێنەوە یان دەسووتێندرێن، بەرگریی خاک لە بەرامبەر هۆکارە سروشتییەکان کەم دەبێتەوە، ئەمەش زەمینە بۆ ڕوودانی وشکەساڵی، لافاو و دیاردەی بەبیابانبوون خۆش دەکات.