کەشناسی هەرێم دەڵێت، باران بارین و هەورە بروسکە بەردەوامی دەبێت و لە 24 کاتژمێرى ڕابردووشدا زۆرترین رێژەی باران لە قەڵادزێ بووە بە بڕی 41.5 ملیمەتر.
کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەمڕۆ کەش بە گشتی باراناوى دەبێت و هەندێ کات هەورە بروسکەى لەگەڵ دەبێت و ئەگەری تەرزە بارینیش هەیە.
دەربارەی کەشی سبەینێ دەڵێن، پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزێت و لە سەنتەری پارێزگاکان پێشبینی بارینى باران بە شێوەی بارانی بەهاری و گەواڵە باران دەبێت و لەناوچە شاخاوییەکانیش بارانبارین بەردەوام دەبێت.
دەربارەی زۆرترین ڕێژەی باران بارین لە 24 کاتژمێری رابردوودا، لە پارێزگای سلێمانی لە قەڵادزێ بووە بە بڕی 41.5 ملیمەتر و لە پارێزگای هەولێریش لە سنوری تەقتەق بووە بە بڕی 29ملیمەتر.
هەرچی پارێزگای دهۆکیشە لە دێرەلوک زۆرترین بڕ باریووە کە 32 ملیمەتر بووە، هەروەها لە پارێزگای کەرکوکیش، لە شوان زۆرترین بڕ کە 25 ملیمەتر بووە باریووە.
هاوکات، لە پارێزگای هەڵەبجەش زۆرترین بڕ لە خورماڵ باریووە کە 10.4 ملیمەتر بووە.
