حکومەتی ئیسپانیا ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی بەربڵاوی دارستانەکانی ناوچەی ئالمێریا لە باشووری ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە 12 کەس و دۆخی نالەباری کەشوهەواش بووەتە ڕێگر لەبەردەم کۆنترۆڵکردنی خێرای ئاگرەکە.
حکومەتی هەرێمی ئەندەلوس لە ئیسپانیا لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، تەرمی بەشێک لە قوربانییەکان لەناو ئۆتۆمبێلەکاندا دۆزراونەتەوە، دوای ئەوەی لە کاتی ڕاکردندا گەمارۆی ئاگرەکەیان کەوتووە. هاوکات ڕووداوەکە شەش برینداری لێکەوتووەتەوە، کە بەهۆی دۆخی نالەباری تەندروستییانەوە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، زیاتر لە 150 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە بە پاڵپشتی کۆپتەر و ئامێری پێشکەوتووی فریاکەوتن سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن. بەهۆی ئەوەی ناوچەکە شاخاوییە و پلەی گەرماش گەیشتووەتە نزیکەی 40 پلەی سیلیزی، کارەکانی تیمەکانی فریاکەوتن بە سستی بەڕێوە دەچن.
ئاماژە بەوەش کراوە، پێدەچێت ئاگرەکە بەهۆی کەوتنی تەلێکی کارەباوە دروست بووبێت، کە دواتر بەهۆی هەڵکردنی با و وشکبوونی گژوگیای ناوچەکەوە بە خێراییەکی زۆر بڵاوبووەتەوە. ئەم دۆخە ناچاری کردوون، کە تەواوی ڕێگەکانی دەوروبەری ناوچەکە دابخەن و دانیشتووانەکەشی دوور بخەنەوە.