بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی جیهان و پیسبوونی بەردوامی خاک، هەوا و ئاو، قەیرانێکی گەورەی ژینگەیی سەری هەڵداوە و بەپێی توێژینەوەیەک، لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە جیهاندا بە ڕێژەی ٧٩٪ زیادی کردووە.
توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری شێرپەنجەناسیی بەریتانیا بۆ ٢٩ جۆر شێرپەنجە لە ٢٠٤ وڵاتی جیهاندا ئەنجام دراوە، دەریدەخات کە جگە لە بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون، مردن بە شێرپەنجەش بە ڕێژەی ٢٨٪ بەرز بووەتەوە. پیسبوونی ژینگە بەم شێوەیە زیان بە تەندروستیی مرۆڤ دەگەیەنێت:
پیسبوونی هەوا:
بەکارهێنانی سووتەمەنییە پیسەکان و دەردانی دووکەڵ لە شارە گەورەکاندا، زیانێکی گەورە بە سییەکان و کۆئەندامی هەناسەدان دەگەیەنێت و مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات.
پیسبوونی ئاو:
تێکەڵبوونی پاشماوە، ئاوەڕۆ و ماددە کیمیاییە پیشەسازییەکان و کانزا قورسەکان بە سەرچاوە ئاوییەکان، دەبێتە هۆی نەخۆشییە مەترسیدارەکانی وەکو شێرپەنجەی کۆئەندامی هەرس و جگەر.
پیسبوونی خۆراک:
بەکارهێنانی بە فراوانی قڕکەر و ماددە کیمیاییەکان لە کەرتی کشتوکاڵدا، دەبێتە هۆی گواستنەوەی ماددە ژەهراوییەکان بۆ ناو خۆراک و ساڵانە ملیۆنان قوربانی لێ دەكەوێتەوە.
شارەزایان جەخت دەکەنەوە کە بەردەوامبوونی مرۆڤ لە پیسکردنی سروشت، ژیان و تەندروستیی خۆی دەخاتە مەترسییەوە، و چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە تەنها لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی پاک و ژینگەیی پارێزەوە دەکرێت.