سێیەمین کۆنگرەی ژنانی کۆنفدراسیۆنی سەندیکاکانی ڕەنجدەران بە دروشمی «میراتمان بەرخۆدانە، بەڵێنمان تێکۆشانە» لە شاری ئەستەنبوڵی تورکیا بەڕێوە چوو، کە تێیدا نوێنەرانی سەندیکا نێودەوڵەتییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارتە سیاسییەکان ئامادە بوون.
لە کۆنگرەکەدا ئایفەر کۆچاک، هاوسەرۆکی کۆنفدراسیۆنەکە، جەختی لەوە کردەوە کە ژنان لە دژی باڵادەستیی پیاوان و زۆرداریی سیستەم تێدەکۆشن و لە دژوارترین بارودۆخیشدا پێشەنگایەتی بۆ کۆمەڵگە دەکەن.
هاوکات خالیدە تورک ئۆغڵو، گوتەبێژی ئەنجومەنی ژنان، ڕایگەیاند که تێکۆشانی ڕەنج و ئازادیی ژنان یەکن و بێ بەشداریی ژنان کۆمەڵگە دیموکراتیک نابێت.
ناوبراو داوای کرد ئەو کەسانەی بە فەرمانی ئیداری لە کارەکانیان دەرکراون بگەڕێندرێنەوە شوێنەکانی خۆیان و سەرجەم زیندانییە سیاسییەکانیش ئازاد بکرێن. کۆنگرەکە لە کۆتاییدا بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی بە کارەکانی هێنا.