کۆمەڵێک لە پسپۆڕان و ڕاپۆرتنەرانی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لە جنێف، نیگەرانیی قووڵی خۆیان لەسەر سزادانی چالاکوانی ناسراوی مافەکانی مرۆڤی بەلوچ، دکتۆر مەهرەنگ بەلوچ دەربڕی، کە لەلایەن دادگایەکی دژەتیرۆر لە شاری کوێتەی پاکستان بە دوو جار زیندانیی هەتاهەتایی سزادراوە.
پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاند: "سزادانی دکتۆر مەهرەنگ بەلوچ پێشێلکارییەکی ڕوونی دادپەروەرییە؛ ئەم بڕیارە لە دوای دادگاییکردنێکی نادادپەروەرانە و بەکارهێنانی یاساکانی دژەتیرۆر و تۆمەتی کوشتن بۆ سەرکوتکردنی خۆپێشاندانی ئاشتیانە و ئازادیی ڕادەربڕین دەرکراوە."
تۆمەتەکان و پاشخانی دۆسیەکە
دکتۆر مەهرەنگ بەلوچ، سەرکردایەتی "کۆمیتەی یەکێتیی بەلوچ " دەکات کە تۆڕێکی مەدەنییە بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی کەمینەی بەلوچ لە پاکستان.
ئەو لەگەڵ سەرکردەیەکی دیکەی کۆمیتەکە بە ناوی سوبغەتوڵڵا شاهجی، تۆمەتبار کراون بە دەست هەبوون لە کوشتنی ئەندامێکی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە کاتی مانگرتن و خۆپێشاندانەکانی تەممووزی 2024 لە شاری گودەر.
ئەم خۆپێشاندانانە بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتیی بوو بەرامبەر بە نادادپەروەریی سیستماتیک، ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، توندوتیژیی دەوڵەت و دەستبەسەرداگرتنی نایاسایی زەوی و دەرامەتەکانی ناوچەکە لە ڕێگەی وەبەرهێنانی دەرەکییەوە.
دادگا تەنیا بەهۆی بەشداریکردنیان لەو خۆپێشاندانەدا، بڕیاری داوە کە ئەوان بەشدارن لە تاوانەکەدا و ڕەفتارەکەیانی وەک "کردەوەی تیرۆریستی" پۆلین کردووە.
پێشێلکردنی مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە
پسپۆڕانی نێودەوڵەتی ئاماژەیان بەوە کردووە کە پرۆسەی دادگاییکردنەکە چەندین سەرپێچیی گەورەی یاسایی تێدا بووە؛ دادگاییکردنەکە گواستراوەتەوە بۆ ناو بەندیخانە و ڕێگە بە تۆمەتباران نەدراوە بە شێوەی مەیدانی بەشدار بن، سەرڕای ئەوەی دکتۆر مەهرەنگ نیگەرانیی خۆی لەسەر سیستەمی ڤیدیۆیی ڕاستەوخۆ دەربڕیبوو.
دکتۆر مەهرەنگ هەروەها بێبەش کراوە لە مافی دیاریکردنی پارێزەری تایبەتی خۆی و لەلایەن دادگاوە پارێزەری بۆ سەپێندراوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لانی کەم 50 سکاڵای دیکەی پۆلیس دژی دکتۆر مەهرەنگ تۆمارکراون کە ئامادەکارییە بۆ سزادانی زیاتری، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ تۆقاندن و بێدەنگکردنی چالاکوانانی بەلوچ و کەمکردنەوەی مەودای چالاکییە مەدەنییەکان ناوزەد کراوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە حکومەتی پاکستان کردووە کە پابەندبێت بە بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکان و ڕێگری بکات لە خراپ بەکارهێنانی یاساکانی دژەتیرۆر دژی ئەو کەسانەی کە بە شێوەی ئاشتیانە داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن.