ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە پەیامێکی هەڕەشەئامێزدا بۆ سەرکردەکانی ڕۆژئاوا ڕایگەیاند، ئەو لایەنانەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێراندا پەنا بۆ مێژوو دەبەن، دەبێت ئامادەی چۆکدادان و دووبارەبوونەوەی شکستە دێرینەکانیشیان بن.
ئەمڕۆ هەینی، 9ی تشرینی یەکەمی 2026، موحسین ڕەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە پەیامێکدا بەرپرسانی ڕۆژئاوای ئاراستە کرد و نووسیویەتی: "کاتێک دوای شکست و سەرشۆڕی لە بەرامبەر ئێراندا، ڕوو لە ئەسینا دەکەن تا گێڕانەوەیەک بۆ جەنگی شارستانییەتەکان دروست بکەن، باشترە بەشێکی دیکەی گرنگی مێژووش بخوێننەوە، ئەو شوێنەی ئیمپراتۆری ڕۆم لە بەردەم شاپووری یەکەمی ساسانیدا چۆکی دادا. ئەو کەسەی پێی مێژوو ڕادەکێشێتە ناو کایەکەوە، دەبێت بۆ دووبارەبوونەوەشی ئامادە بێت!"
ئەم لێدوانەی ڕەزایی وەک وەڵامێک دێت بۆ هەوڵی بەرپرسانی ڕۆژئاوا لە بەستنەوەی ململانێی ئێستای ناوچەکە بە مێژووی دێرینی جەنگەکانی یۆنان و ئیمپراتۆریەتی فارس.
تێیدا ڕەزایی بەبیرهێنانەوەی بەدیلگرتن و چۆکدادانی ئیمپراتۆری ڕۆمی (ڤالێریان) لە بەرامبەر پاشای ساسانیدا، وەک پەیامێکی هەڕەشەئامێز بەکارهێناوە بۆ جەختکردنەوە لە توانای ئێران بۆ بەرپەرچدانەوەی گوشارەکانی ڕۆژئاوا.