ئەمڕۆ هەینی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند: "سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ڕیاز و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبها دەکەم. هێرشکردنە سەر خەڵکی سڤیل و ژێرخانی مەدەنی قبووڵکراو نییە." سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هاوکات پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییان کرد و هاوسۆزیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ گەل و سەرکردایەتی شانشینی عەرەبستانی سعودیە دەربڕی.
ئەم پەیامەی سەرۆکی حکومەت دوای ئەوە هات کە دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعودیە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنیی چەکدارە حووسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی شا خالید لە ڕیازی پایتەخت و ئەبها لە باشووری وڵاتەکە، ٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٣٦ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی زانیارییە فەرمییەکانی دەستەکە، لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی ئەبها دوو ژن بە ڕەچەڵەک مەغریبی و جەزائیری گیانیان لەدەستداوە و ٢٨ کەسیش بریندار بوون، کە زۆربەیان هاووڵاتیی سعودین لەگەڵ دوو هاووڵاتیی بەنگلادیشی و فلیپینی. لە لایەکی دیکەوە، لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی شا خالید لە ڕیاز، هاووڵاتییەکی سوودانی گیانی لەدەستداوە و ٨ کەسی دیکەش (٥ سعودی، ٢ میسری و پاکستانییەک) بریندار بوون.