دیلان یەشیلگۆز، سیاسەتمەداری کورد و جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگریی هۆڵەندا، ئەمڕۆ سێشەممە (٧ی تەمووزی ٢٠٢٦) بە مەبەستی پشکداریکردن لە لوتکەی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) گەیشتە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا.
ئەم گەشتە دەنگدانەوەیەکی بەربڵاوی لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست کردووە، چونکە یەشیلگۆز لە ساڵی ١٩٨٤دا کاتێک منداڵ بوو، بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە لەگەڵ خێزانەکەیدا لە دەرسیمی باکووری کوردستانەوە وەک پەنابەر کۆچیان بەرەو هۆڵەندا کردبوو، بەڵام ئێستا پاش چەندین ساڵ، وەک یەکێک لە باڵاترین بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیی هۆڵەندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو وڵاتەی تێیدا لەدایکبووە.
دیلان یەشیلگۆز، کە هاوکات سەرۆکایەتی پارتی گەل بۆ ئازادی و دیمۆکراسی (VVD) دەکات و یەکێکە لە بەهێزترین فیگەرەکانی کابینەی حکومەتی هۆڵەندا، لە کاتی گەشتەکەیدا لە ناو فڕۆکەوە وێنەیەکی خۆی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی ناتۆ بەرەو ئەنقەرە بەڕێوەم. لێرەم بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی گرنگ لە پێناو بەرژەوەندییەکانی هۆڵەندا، پاراستنی ئاسایشی خۆمان و هاوپەیمانەکانمان، و زیاتر بەهێزکردنی کەرتی پیشەسازیی بەرگریمان."
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە گەڕانەوەی ئەم کچە کوردە بۆ ئەنقەرە (کە شاری لەدایکبوونیشیەتی)، بەڵام ئەمجارەیان وەک بەرپرسی یەکەمی بەرگری و پاراستنی ئاسایشی دەوڵەتێکی گرنگی ئەوروپی و ئەندامی ناتۆ، وەرچەرخانێکی مێژوویی و سەرنجڕاکێشە لە ژیانی سیاسی و شەخسی ئەودا.