جیلان جارۆ کرێت، کچە وەرزشوانی ئێزدی، لە نوێترین خولی پاڵەوانێتیی کراوەی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی قورسایی لەسەر ئاستی ژنان (Hip-Thrust) پلەی یەکەم و مەدالیای زێڕی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا.
ئەم کێبڕکێیە بە بەشداریی زیاتر لە 20 یاریزانی بەهێز لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقەوە بەڕێوەچوو، کە تێیدا جیلان توانی بە بەرزکردنەوەی 240 کیلۆگرام ئاسن، پێشەنگی ڕیزبەندییەکە بگرێت و سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار بکات.
جیلان جارۆ کە خەڵکی گوندی ئێسڤنە لە شارۆچکەی شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک، بەم سەرکەوتنە نوێیەی توانی بۆ دووەم وەرزی لەسەریەک نازناوی پاڵەوانی عێراق لەم وەرزشەدا بۆ خۆی بپارێزێت؛
دوای ئەوەی لە خولی پێشووشدا کە لە کانوونی یەکەمی 2025 لە دهۆک بەڕێوەچوو، هەر خۆی پلەی یەکەمی بەدەستهێنابوو.
تۆمارکردنی ئەم ئەنجامە سەرنجڕاکێشە لە لایەن ناوەندە وەرزشییەکانەوە وەک پێشکەوتن و هەنگاوێکی گرنگی ژنانی کورد بەگشتی و پێکهاتەی ئێزدی بەتایبەتی لە کایەی وەرزشیی عێراق و ناوچەکەدا سەیر دەکرێت.