ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆدەربردن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژاڤا)، ڕایگەیاند کە پێویستە ژنان لە پرۆسەی گۆڕانکاری و ڕێککەوتنەکاندا لە ناوەندەکانی بڕیارداندا جێگەیان بێتەوە و جەختی کردەوە: "نوێنەرایەتیی کورد و ژنان لە سووریا، نابێت تەنیا بە ژمارەیەکی وشک و سنووردار دیاری بکرێت."
ئەم قسانەی ئیلهام ئەحمەد لە ڕێگەی پەیامێکی ڤیدیۆیی ئۆنلاینەوە بوو بۆ کۆڕبەندی "جیۆپۆلیتیکی کوردستان لە دیزاینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆخی ژنان" کە لەلایەن ڕێکخراوی ڕێپاک و ڕێکخراوی ئازادبوون لە هۆڵی سینەما سالمی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
کێشەکانی بەردەم ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم و تێکەڵبوونی هێزەکان
ئیلهام ئەحمەد لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمی ڕابردوو لەگەڵ حکومەتی سووریا کرد و وتی: "ڕێککەوتنەکە لە کاتێکی سەختی شەڕدا واژۆ کرا.
هەنگاوی گرنگ نراون بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەناو سوپای سووریادا، پرۆسەی یەکگرتنی هێزەکانی ئاسایش و خۆبەڕێوەبەریش بەردەوامە، بەڵام لە پرۆسەی تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی ژناندا کێشەمان هەیە، چونکە سیستمی بەرامبەرمان (حکومەتی شەمی) سیستمێکی دیمۆکراتی نییە."
ناوبراو ڕوونی کردەوە کە حکومەتی دیمەشق دەڵێت کایەی بۆ ژنان ڕەخساندووە و ژنان لە زۆر دامەزراوەدا هەن، بەڵام لە ڕاستیدا ژنان لە ئاستی بڕیاردانی ستراتیژیدا نین و ئیرادەیان پشتگوێ دەخرێت.
ئەو جەختی کردەوە کە هێزەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) دەبێت وەک قەوارەیەکی فەرمی لەناو سوپای نوێی سووریادا بن، بەڵام بیرکردنەوەی پیاوسالارانەی دەسەڵات لە دیمەشق ڕێگرە لەمە.
پرسی خوێندنی زمانی دایک و دیپلۆماسی
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ڕۆژاوا باسی لە کێشەی پەروەردەش کرد و وتی: "حکومەتی سووریا دەیەوێت خوێندن بە زمانی کوردی تەنیا وەک وانەیەکی بژاردە (ختارە) سەیر بکات، ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە.
ئەگەر باس لە تێکەڵبوونی دیمۆکراتیانە دەکەین، دەبێت خوێندن بە زمانی دایک بە فەرمی بسەلمێنرێت. هەرچەندە بەشێک لە بڕوانامەکانی قوتابخانەکانی خۆبەڕێوەبەری دانیان پێدانراوە، بەڵام هێشتا گفتوگۆی توند لەسەر ئەم بابەتانە بەردەوامە."
ئۆجالان و گۆڕانکارییەکانی باکوور و ڕۆژاوا
لە بەشێکی دیکەی کۆڕبەندەکەدا، ئایلا ئاکات عەتا، چالاکوانی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (TJA)، ئاماژەی بە بانگەوازی ٢٧ی شوباتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیمۆکراتی" کرد و ڕایگەیاند کە پێویستە دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی یاسایی و دیمۆکراتی بنێت نەک یاسای پاشگەزبوونەوە و تەسلیمبوون بەسەر کورددا بسەپێنێت.
ئایلا ئاکات هۆشداری دا کە هەر دۆخێک لە باکووری کوردستان ڕووبدات، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پارچەکانی دیکە و کوردی جیهان دەبێت و داوای یەکڕیزیی بەپەلەی ژنانی کوردی کرد لەم قۆناغەدا.
کۆڕبەندەکە بە بەشداریی گەشە دارا حەفید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادبوون و ژمارەیەک لە ژنانی سەرکردەی هەر چوار پارچەی کوردستان بەردەوام بوو، تێیدا جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە پرسی کورد و پێگەی ژنان لەم سەدەیەدا بە فەرمی بناسرێت و بچەسپێنرێت.