سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێ، ژن لە کوردستان بە درێژایی مێژوو ڕۆڵی شۆڕشگێڕی و ئاشتیخوازانەی بینیوە و ئازایەتی و خۆڕاگریی بێوێنەی سەلماندووە و بێ دابینكردنی مافه‌كانی ژن كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سه‌قامگیر به‌دینایه‌ت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان به‌بۆنه‌ی هه‌شتی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه و ده‌ڵێ، به گه‌رمى پیرۆزبایی لە ژنانی کوردستان، عێراق و جیهان دەکەم، هیوای سەرکەوتنی بەردەوام و پێشەنگییان بۆ دەخوازم لە کاروانە پڕ لە شانازییەکەیاندا بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی.
ده‌شڵێ، ئێستا کە هەرێمی کوردستان لە قۆناغی بنیاتنان و پتەوکردنی دامەزراوەکاندایە، ئامادەیی کارای ژنان لە سەرجەم کایەکانی سیاسەت، پێشمەرگایەتی، ئابووری، بەڕێوەبردن و پەروەردەدا، جێگەی شانازیی گەورەی ئێمەیە.
جەخت له‌وه‌شده‌كاته‌وه، بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئارام و سەقامگیر و پێشکەوتوو، بەبێ مسۆگەرکردنی تەواوی ماف و ئازادییەکانی ژن و بەهێزکردنی پێگەی لە هەموو کایەکانی بڕیارداندا، ناكرێت.
سه‌رۆكی هه‌رێم ئاماژه به‌وه‌شده‌كات، پابەندی چەسپاندنی کولتوری یەکسانی و دادوەری و بنبڕکردنی هەموو جۆرە جیاکاری و توندوتیژییەکين کە بەرانبەر بە ژنان دەکرێت، هه‌روه‌ها پاراستنی شکۆ و مافەکانی ژنانیش بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەشی حكومه‌ت، خێزان، کۆمەڵگەی مەدەنی، میدیا و هەموو دامەزراوە کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و ئایینییەکانە.