ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) ڕایگەیاند، لە ساڵی 2014ـەوە تاوەکو ئێستا، لانی کەم هەزار و 449 ژن لە ڕێگە جیاوازەکانی کۆچبەران لە کیشوەری ئەمریکادا گیانیان لەدەستداوە. ڕێکخراوەکە هۆشداری دەدات کە بەهۆی نەبوونی تۆماری فەرمی، ئاماری ڕاستەقینە لەم ژمارەیە زۆر زیاترە.
بەپێی پڕۆژەی "کۆچبەرانی ونبوو" کە لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچەوە سەرپەرشتی دەکرێت، لەو ماوەیەدا کۆی گشتیی ئەو کۆچبەرانەی (ژن و پیاو) لە ڕێگەکانی کۆچدا لە کیشوەری ئەمریکا گیانیان لەدەستداوە یان ون بوون، گەیشتووەتە 11 هەزار و 492 کەس.
ئاماری جوگرافیی گیانلەدەستدانی ژنانی کۆچبەر بەپێی ناوچەکان بەم شێوەیەیە:
سەر سنووری ئەمریکا - مەکسیک: 795 ژن گیانیان لەدەستداوە.
ڕێگەکانی کۆچی دەریای کارایبی: 225 ژن گیانیان لەدەستداوە.
ڕێڕەوی دارین (نێوان پەنەما و کۆڵۆمبیا): 103 ژن گیانیان لەدەستداوە.
ناوچەکانی دیکەی ئەمریکای باشوور: 112 ژن گیانیان لەدەستداوە.
بەرپرسانی IOM ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی دەستنیشاننەکردنی ناسنامەکان و ونبوونی بەشێکی زۆری کۆچبەران لە دەریادا یان لە ناوچە شاخاوی و دارستانە سەختەکاندا، ئامارە فەرمییەکان ناتوانن قەبارەی ڕاستەقینەی کارەساتەکە پیشان بدەن. ڕێکخراوەکە جەختیش دەکاتەوە کە ژنانی کۆچبەر لە کاتی گەشتەکانیاندا ڕووبەڕووی توندوتیژیی ڕەگەزی، بازرگانیکردن بە مرۆڤ و بێبەشبوون لە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دەبنەوە.
هۆکارەکانی کۆچکردنی ژنان
بەپێی زانیارییەکانی دامەزراوەی ژنانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 8%ـی ئەو ژنانەی لە ئەمریکای ناوەڕاستەوە کۆچ دەکەن دووگیانن، کە ئەمەش مەترسییە تەندروستییەکانی سەر ژیانیان دوو هێندە دەکات.
توێژینەوەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ تیشک دەخەنە سەر هۆکارە سەرەکییەکانی کۆچی ژنان لەو کیشوەرەدا کە بەم شێوەیەی خوارەوە پۆلێن کراون:
هۆکاری ئابووری: 54%ـی ژنان بەهۆی هەژاری و بۆ دۆزینەوەی هەلی کار کۆچ دەکەن.
یەکگرتنەوەی خێزانی: 31.5%ـی ژنان بۆ گەیشتنەوە بە هاوسەر یان خێزانەکانیان ڕێگەی کۆچ دەگرنەبەر.
پاراستنی ژیان لە توندوتیژی: 3%ـی ژنان بۆ ڕزگاربوون لە توندوتیژییەکانی ناوخۆی وڵاتەکانیان ناچار بە کۆچکردن دەبن.