لە چالاکییەکی مێژووییدا کە بۆ یەکەمجار لە کوردستان و تورکیا ڕێک دەخرێت، سەدان پیاو لە شاری ئامەد بە بەشداریی پەرلەمانتاران و هاوسەرۆکانی شارەوانی، دژی زیادبوونی دیاردەی ژنکوژی و توندوتیژیی پیاوسالاری ڕێپێوانیان کرد و پەیامی «کوشتنی ژنان بۆ ئێمەی پیاوان شەرمەزارییە»یان ڕاگەیاند.
ڕێپێوانەکە ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، لە نووسینگەی ناحیەی ڕێزان (باغلار)ی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەل (دەم پارتی) دەستی پێ کرد و بەرەو پارکی کارانفیل لە گەڕەکی ئیسکانیڤلێر بەڕێوە چوو. بەشداربووان بە هەڵگرتنی لافیتەی وەک «ئێمە شەرم لەو پیاوسالارییە دەکەین کە ژن دەکوژێت» و بە چەپڵە و دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی بەرخۆدانی ژنان" ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.
"ژنکوژی تاوانی تاکەکەسی نییە، بەڵکو بەرهەمی سیستەمی پیاوسالارییە"
لە کۆتایی ڕێپێوانەکەدا لەناو پارکەکە، چەند وتارێک پێشکەش کران. لە سەرەتادا هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئامەد ڕایگەیاند کە ئەمە یەکەم ڕێپێوانی پیاوانە دژی کوشتنی ژنان و جەختی کردەوە کە ئەم توندوتیژییانە تاوانی تاکەکەسی نین، بەڵکو دەرئەنجامی سیستەمی پیاوسالاری و چەوساندنەوەن. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە تەنها لە مانگی ڕابردوودا ٤ ژن لە ئامەد کوژراون و داوای کرد کە هەموو پیاوان بەرپرسیارێتی هەڵگرن، چونکە «ئازادی و ئاشتی لە کۆمەڵگایەکدا بەدەست ناهێنرێت کە ژنان تێیدا ئازاد نەبن».
ئاماری دڵتەزێنی توندوتیژی و داوای سزادانی توند
هاوکات مەهمەت کاماچ، هاوسەرۆکی وتەبێژی دەستپێشخەریی یەکێتی دیموکراتی، لە وتارەکەیدا ئامارەکانی خستە ڕوو و ڕایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠٢٥دا ٢٩٤ ژن لە تورکیا کوژراون و تەنها لە ٨ مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا ١٨٩ ژן گیانیان لەدەست داوە. ناوبراو هۆکاری ئەم کۆمەڵکوژییانەی بۆ «سیاسەتی بێسزایی» گەڕاندەوە و جەختی کردەوە کە دەبێت پیاوان لە ڕیزبەندی پێشەوەی ناڕەزایەتییەکاندا بن و ڕێگە نەدرێت بکوژانی ژنان بێسزا بمێننەوە.