مەلەک ئاکارموت، کە لەنێو خەڵک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە "مێریلین مۆنڕۆ"ی مێردین ناسراوە، بەهۆی بڵاوکردنەوەی چەند پۆستێک لە هەژمارەکانی خۆی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا و دواتر لەلایەن دادگاوە بڕیاری بەندکردنی بۆ دەرکرا.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، لایەنە پەیوەندیدارەکان پۆستەکانی مەلەک ئاکارموت-یان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پشکنیوە و دەرکەوتووە کە ناوبراو لەبارەی هەوڵی کودەتاکەی 15ی تەممووزی 2016ی تورکیاوە، چەند بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە کە وەک "تاوان و سەرپێچیی یاسایی" هەژمار کراون.
دوای دەستپێکردنی ڕێوشوێنی یاسایی لە دژی، "مێریلین مۆنڕۆ"ی مێردین لە شارۆچکەیەکی سەر بە پارێزگای مێردین (باکووری کوردستان) گوازرایەوە بۆ بەردەم دادوەر و لەوێشەوە بڕیاری گرتنی بۆ دەرکرا و رەوانەی زیندان کرا.