ئەژین گەردی، کچە داهێنەر و شێوەکاری خەڵکی هەولێر و خاوەنی براندی جلوبەرگی لوکس و هاوینەی "ڕیڤێرا ڕێڤێری" (Riviera Reverie)، لە نوێترین کۆلێکشنیدا تێکەڵەیەکی ناوازە لە نێوان هونەر، ڕەسەنێتیی کوردی و پەیامی مرۆیی پێشکەش دەکات.
کۆلێکشنە نوێیەکەی ئەژین، کە بە هاوبەشی لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی کورد دیزاین کراوە، ئیلهامی لە دروشمی بەناوبانگی "ژن، ژیان، ئازادی" وەرگرتووە.
ئەژین گەردی دەربارەی فەلسەفەی براندەکەی دەڵێت: "ئامانجی من ئەوەیە ژنان جلوبەرگێک بپۆشن کە تەنیا جوان نەبێت، بەڵکو خاوەن بەها، چیرۆک و پەیامێک بێت لە پشتییەوە. جلوبەرگ تەنیا پۆشاک نییە، بەڵکو دەبێت چیرۆکێک بگێڕێتەوە، هەستێک دروستبکات و کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر جیهان جێبهێڵێت."
تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم براندە لەوەدایە کە لە بری نەخش و شێوازی ئاسایی، تابلۆ و کارە هونەرییە ڕەسەنەکان دەگۆڕێت بۆ پارچە قوماش و جلی سەرنجڕاکێش، کە تێیدا ناسنامە، خۆڕاگری، هێزی ژن و هیوا پێکەوە دەچنرێن.
یەکێکی دیکە لە خاڵە بەهێزەکانی براندی "Riviera Reverie" ئەوەیە کە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی بە تەواوی دۆستی ژینگەیە (Eco-friendly) و هیچ زیانێک بە سروشت ناگەیەنێت. ئەم کوالێتییە بەرزە لە لایەن دامەزراوە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە بەناوبانگەکانی وەک OEKO-TEX و Lenzingـەوە بڕوانامەی فەرمیی پێدراوە.