بڵاوبوونەوەی وێنەی ژنانی عەباپۆش لە کافتریا و شوێنە گشتییەکانی ئێران، بووەتە یەکێک لە گەرمترین مژارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
ئەگەر ئێوەش لەو کەسانەن ڕۆژانە چاوێک بە پلاتفۆرمەکانی ئینستاگرام و ئێکسدا دەخشێنن، بێگومان تێبینی ئەو شەپۆلە نوێیەتان کردووە کە پرسیار لەسەر پەیوەندی نێوان "عەبا" و "کافێ" دروست دەکات.
لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پڕ ببوو لە وێنەی کچان و ژنانی گەنجی عەباپۆش لەناو کافتریاکاندا.
بەشێک لەو ژنانە لەژێر وێنەکانیاندا نووسیبوویان، ئەگەرچی بە شێوەیەکی ئاسایی لە ژیانی ڕۆژانەدا عەبا بەکارناهێنن، بەڵام ئێستا بڕیاریان داوە بە عەباوە بچنە کافێکان. چیرۆکەکە تەنیا لێرەدا نەوەستایەوە، بەڵکو هندێک لەو ژنانە وێنەی خۆیان بە عەباوە لە کەنار دەریا و سەنتەرەکانی کڕینیش بڵاوکردەوە، ئەمەش مشتومڕێکی قووڵی لەسەر هۆکار و پاڵنەری پشت ئەم کارە دروست کرد.
چۆن دەستیپێکرد و بۆچی بوو بە ترێند؟
سەرەتای چیرۆکەکە بۆ پۆستێکی بەکارهێنەرێکی ئێکس دەگەڕێتەوە، کە تێیدا بە توندی ڕەخنەی لە ئامادەبوونی ژنانی عەباپۆش لە کافێکاندا گرتبوو. ئەو پۆستە بە خێرایی دەنگدانەوەی گەورەی لێکەوتەوە و وەک پەرچەکردارێک، دەیان ژنی عەباپۆش دەستیان بە بڵاوکردنەوەی وێنەکانی خۆیان لەناو کافێکاندا کرد.
دوای دروستبوونی ئەم شەپۆلە، بەکارهێنەرە ڕەخنەگرەکە پۆستەکەی سڕییەوە و داوای لێبوردنی کرد.
ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە چاوەڕوانی دەنگدانەوەیەکی وا گەورەی نەدەکرد و بەهۆی بڵاوبوونەوەی زانیارییە کەسییەکانی، لە ڕێگەی تێلیگرامەوە ڕووبەڕووی نامەی هەڕەشەئامێز و جنێو بووەتەوە.
کێبڕکێی ئازایەتی؛ لە پێشوازییەوە تا ڕەخنەی توند
ئەم بابەتە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لە ئێران بەسەر دوو بەرەی سەرەکیدا دابەش کردووە:
بەرەی یەکەم (لایەنگران): ئەم کارە وەک "جووڵەیەکی ناڕەزایەتی" دەبینن. ئەوان ستایشی ئازایەتی ئەو ژنانە دەکەن و هانی ژنانی دیکەی باڵاپۆش دەدەن بە عەباوە بچنە ناو شوێنە گشتییەکان.
بەرەی دووەم (ڕەخنەگران): بە توندی دژی ئەم هاوکێشەیەن. ئەوان دەڵێن لە وڵاتێکدا کە حیجاب تێیدا زۆرەملێیە و ژنان بەهۆی سەرپێچی کردنییەوە دەستبەسەر، زیندانی و ئەشکەنجە دەدرێن، تەنیا ئامادەبوونی ژنانی بێ سەرپۆش لە کافێکاندا نیشانەی ئازایەتییە، نەک چوون بە عەباوە.
بەکارهێنەرێک لەمبارەیەوە نووسیویەتی؛ "هەندێک ژن بە جۆرێک باس لە چوون بۆ کافتریا بە عەباوە دەکەن، وەک بڵێی پۆلیسی ڕەوشت لەوێیە و بۆ دەستگیرکردنی ئەوان هاتووە!"
بەکارهێنەرێکی دیکە ڕابردووی وەبیر هێنایەوە و نووسی، تا بەرانبەر بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، زۆربەی کافێ و چێشتخانەکان تابلۆی "داوای لێبوردن دەکەین لە پێشوازیکردنی خانمای بێحیجاب"یان هەڵواسیبوو، کەچی ئێستا وێنەی عەبا لە کافێدا وەک کارێکی شۆڕشگێڕانە نیشان دەدرێت. ئەو جەختی کردەوە کە ژنی ئێرانی چاوەڕێی یاسای نەکردووە، بەڵکو خۆی بۆ ئازادییەکەی جەنگاوە.
لەلایەکی دیکەوە، دووبارە بلاوکردنەوەی وێنەیەکی کۆنی دوو ژنی بێ سەرپۆش لە کاتی خواردنی نانی بەیانیدا لە چێشتخانەیەک، بووەتە جێی سەرنج. بەکارهێنەران دەڵێن لەو کاتەوەی ئەو وێنەیە خەڵکی سەرسام کرد، ژنانی ئێران ڕێگایەکی درێژیان بڕیوە، بەجۆرێک ئێستا کار گەیشتووەتە ئەوەی چوون بۆ کافێ بە عەباوە بەلای خەڵکەوە سەیر و نامۆ بێت.
درزە کۆمەڵایەتییەکان و پێکەوەژیان
هەندێک لە چالاکوانان و بەکارهێنەران لە سۆشیاڵ میدیا ئاماژە بەوە دەکەن، لە کاتێکدا دۆخی ئابووری و بژێوی زۆربەی خەڵک گەیشتووەتە قۆناغی قەیراناوی، برەودان بەم جۆرە باسانە لە کافتریاکاندا، نیشاندەری درز و جیاوازییەکی قووڵە لە نێوان چینی دەسەڵاتدار و بەشێکی گەورەی کۆمەڵگادا.
لایەنێکی دیکەش پێیان وایە ئەم ژنە عەباپۆشانە دەیانەوێت ببنە بەشێک لەو فەزا مۆدێرنەی کە هەست دەکەن لێی دابڕاون.
لەم نێوەندەدا، دەنگێکی چاکەخوازیش هەیە کە داوای پێکەوەژیانی ئاشتیانە دەکات و دەڵێت مافی هەڵبژاردنی پۆشاک بەو مانایەیە کە هەمووان بتوانن بەو شێوازەی خۆیان دەیانەوێت لە کۆمەڵگادا دەربکەون بەبێ ئەوەی حوکم یان دادوەرییان لەسەر بدرێت.
بۆ سەلماندنی ئەمەش، هندێک بەکارهێنەر وێنەی خۆیان بەبێ سەرپۆش لە تەنیشت هاوڕێیەکی عەباپۆشیاندا بڵاوکردووەتەوە.
"شمشێری حیجاب هێشتا لەسەر سەری ژنانی ئێرانییە"
بۆ چاودێرانی دۆخی ئێران، بینینی ژنان و کچان بەبێ مانتۆ و سەرپۆش لە کافێ و سەنتەرەکانی کڕین، گۆڕانکارییەکی گەورەیە لەچاو وێنەی چەند ساڵ لەمەوبەری فەزای گشتی وڵاتەکەدا، کاتێک بچووکترین لادان لە حیجاب دەبووە هۆی دەستگیرکردن لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتەوە.
ئێستا لە ئینستاگرامدا کچانی نێو کافێکانی ئێران دەبینین کە بەبێ مانتۆ و حیجاب و بە قژی درێژەوە لە ناوەڕاستی شاردا هاتوچۆ دەکەن.
بەڵام ئایا ئەمە بەو مانایەیە کە ژنان لە شەڕی دژی حیجابی زۆرەملێدا سەرکەوتوو بوون؟
ڕەنگە یاساکە نەگۆڕابێت، بەڵام لە مانگەکانی ڕابردوودا جۆرێک لە نەرمیوانواندن لە جێبەجێکردنیدا بینراوە.
تەنانەت میدیا حکومییەکان لە گردبوونەوەکانی خۆیاندا ژنانی بێحیجابیان وەک "کەسی خۆمان" نیشان دەدا، ئەگەرچی ئەمە لە نێوان خودی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیشدا جیاوازی بیروڕای توندی دروست کردووە.
لە کۆتاییدا، وەڵامی پرسیاری سەرکوتوویی ژنان لەم قۆناغەدا هێندە سادە نییە؛ ئەگەرچی دیمەنەکان گۆڕاون و فەزای گشتی کراوەتر دیارە، بەڵام یاسای حیجابی زۆرەملێ هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە و گوشار و سنووردارکردنەکان لەسەر بەشێکی زۆری ژنان لە پشت پەردەوە بەردەوامن.