ڕاستەوخۆ

قوباد تاڵەبانی: ئیشمان کردووە بۆ گۆڕینی ڕوانگەی تورکیا لەسەر سلێمانی و یەکێتی

reset font size increase font size

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پێویستە هەرێمی کوردستان ببێتە بەشێک لە بەغداد و دەڵێت؛ "سیاسەتێکی زۆر هەڵەیە ئەگەر بەغدا وەک وڵاتێکی دیکە سەیر بکەین."

ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا لە بەغداد گفتوگۆ لەسەر سێ تەوەری سەرەکی دەکرێت کە بریتین لە؛ نەوت، گومرگ و سیستمی ئەسیکۆدا، لەگەڵ مەلەفی داهاتی ناوخۆ و 120 ملیار دینارەکە.

قوباد تاڵەبانی لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد ڕوونی کردەوە، ئەوان لە گفتوگۆدان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و حکومەتی فیدراڵ بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێک لەسەر داهاتی ناوخۆ، ڕاشیگەیاند کە بەهۆی شەڕەوە داهاتی ناوخۆ کەمیکردووە.

سەبارەت بە پرسی نەوتیش ئاماژەی بەوە کرد، باس لە مەلەفی نەوت دەکرێت بە ئامانجی ئەوەی کۆمپانیاکان دەستبکەنەوە بە کارەکانیان.

پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا و پرۆسەی ئاشتی

جێگری سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر هەوڵەکانیان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەنقەرە و گوتی: "ئیشمان کردووە بۆ گۆڕینی ڕوانگەی تورکیا لەسەر هەرێمی کوردستان، سلێمانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان."

هاوکات، پاڵپشتی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە ناوچەکە دەربڕی و جەختی کردەوە: "ئێمە یەکەم کەس بووین پشتیگیری پرۆسەی ئاشتیمان کرد؛ هاوکار و هەماهەنگی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتین و ئەگەر پرۆسەکە سەربگرێت، گۆڕانکاری گەورە ڕوودەدات و ناوچەکە سەقامگیریی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت."

ئاماژەی بەوەش کرد کە لەناو پارتیدا (پارتی دیموکراتی کوردستان) بۆچوونی جیاواز لەسەر ئەم پرسە هەیە.

دۆخی سلێمانی و سەردانی ئەمریکا

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی و گەشەپێدانی پارێزگای سلێمانی، قوباد تاڵەبانی گوتی: "سەرباری ئەو تەشویشەی هەبوو لەسەر سلێمانی، بەڵام هەر ئاوەدانی هەیە، ئەگەرچی لە ئاستی تموحی ئێمەدا نییە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جێگری سەرۆکی وەزیران باسی لە گرنگی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ واشنتن کرد و ڕایگەیاند، دەبێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکادا بەهێز بێت.

سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکەشیان بۆ ئەو وڵاتە ئاشکرای کرد: "سەردانەکەمان زیاتر بۆ ئەوە بوو ڕوونکردنەوە بدەینێ کە عێراق زیاتر بەرەو کوێ دەچێت، تاوەکو ئەمریکا یاریدەدەر بێت بۆ ئەم حکومەتەی کە تەشکیل بووە."

مەلەفی چەک و پرۆسەی چەکدانان

لەکۆتاییدا، قوباد تاڵەبانی باسی لە پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک لە هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: "چەکی هەرێمی لە سەدا 99 لەژێر دەستی هەرێمدایە،" جەختیشی کردەوە کە پرۆسەی چەکدانان لەگەڵ پرسی هێزەکانی هەرێمی کوردستان دوو شتی تەواو جیاوازن.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.