بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دوو هاوڵاتی بە تۆمەتی بیرهەڵکەندن و چوار هاوڵاتیشی دیکەش بە تۆمەتی ڕاوکردن بەشێوەی نایاسایی دەستگیرکران.
ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی نیسانی 2026، بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، لە سنوری شارەزوور دوو هاوڵاتی بە تۆمەتی بیرهەڵکەندن بەشێوەی نایاسایی دەستگیرکران و دەستیشگیرا بەسەر ئامێرێکی بیرهەڵکەندن و ئۆتۆمبێلێک و ماتۆسکیلێکدا.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە هەر ئەمڕۆ، لە سنوری قەزای دوکان، چوار ڕاوچی کە سەرقاڵی ڕاوکردن بوون دەستگیرکران، هاوکات دەستیشگیرا بەسەر دوو تۆڕ و یەک بەلەمی چووپدا.
ئاماژە بەوەشکراوە، سەرپێچیکاران ڕێکاری یاساییان بەرانبەر دەگیرێتە بەر و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.