ڕاستەوخۆ

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژانە نزیکەی حەوت کەس بە ڕووداوەکانی هاتوچۆ گیان لەدەستدەدەن

reset font size increase font size

ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک قەیرانێکی مرۆیی و هەمیشەیی ڕۆژانە گیانی دەیان هاووڵاتی دەستێنن.

بەگوێرەی نوێترین ئامارەکانی ڕێکخراوی پزیشکیی داد لەو وڵاتە، تەنها لە ماوەی یەک ساڵدا (لە 21ی ئاداری 2025 تاوەکو 21ی ئاداری 2026) ڕووداوەکانی هاتوچۆ بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی 19 هەزار و 540 کەس.

 ڕاپۆرتە فەرمییەکە ئشکرای کردووە، لە ناو قوربانیانی یەک ساڵی ڕابردوودا، 15 هەزار و 660 کەسیان پیاو و سێ هەزار و 880 کەسیشیان ژن بوون.

هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا، زیاتر لە 378 هەزار کەس بریندار بوون کە پزیشکی داد ڕایگەیاندووە نزیکەی 10% بۆ 15%ی بریندارەکان بۆ هەمیشە تووشی کەمئەندامی دەبن.

 ئامارەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە3 هەزار و 442 کەس لە کۆی قوربانییەکان، گەنجانی تەمەن 18 بۆ 24 ساڵان بوون.

لەسەر ئاستی پارێزگاکان، پارێزگای تاران بە تۆمارکردنی هەزار و565 کەس زۆرترین ڕێژەی گیانلەدەستدان، و پارێزگای ئیلام بە 192 کەس کەمترین ئاماری تێدا تۆمارکراوە.

کارەساتی هاتوچۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

دۆخی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو ئەم قەیرانەدا بە تەواوی کارەساتبارە.

ساڵی ڕابردوو لە پێنج پارێزگای ڕۆژهەڵات (ورمێ، کرماشان، سنە، خوڕماوا و ئیلام) بە گشتی دوو هەزار و 447 کەس بوونەتە قوربانی، بەم پێیەش ڕۆژانە بە تێکڕا حەوت کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە گیان لەدەستدەدەن و زیاتر لە 100 کەسیش بریندار دەبن.

ئاماری گیانلەدەستدان لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەم شێوەیەیە:

ورمێ: 757 کەس

کرماشان: 561 کەس

سنە: 475 کەس

خوڕماوا: 462 کەس

ئیلام:192 کەس

ئۆتۆمبێلی ناوخۆیی؛ تۆمەتباری ژمارە یەک

پۆلیسی هاتوچۆی ئێران پشتڕاستی کردووەتەوە کە لە سەدا 62ی ئەو ڕووداوانەی دەبنە هۆی گیانلەدەستدان، دوو جۆری دیاریکراوی ئۆتۆمبێلی بەرهەمی ناوخۆی وڵاتەکەن. بەپێی ڕاپۆرتی پۆلیس، کەمیی کێشی ئۆتۆمبێلەکان، لاوازیی پێکهاتەی گشتی، کێشەی سیستمی ڕاگرتن (برێک) و کارنەکردنی کاتیی کەرەستەکانی سەلامەتی وەک ئێرباگ (کیسی هەوا)، هۆکاری سەرەکین لە پاڵ هەڵەی مرۆیی و خراپیی ڕێگەوبانەکاندا.

لەسەر ئاستی جیهانیش، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) ڕەوشی هاتوچۆی لە ئێران بە "قەیراناوی" ناوبردووە، بە جۆرێک ڕێژەی قوربانیان لە ئێران دوو بۆ سێ هێندەی وڵاتانی پێشکەوتووە و وڵاتەکە لە ڕێزی ١٥ وڵاتی یەکەمی جیهاندایە لە ڕووی ژمارەی ڕەهای قوربانیانی هاتوچۆوە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.