بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نوێترین ئاماری فەرمی لەسەر باشتربوونی دۆخی دەریاچەی ورمێ بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە ئاست و قەبارەی ئاوی دەریاچەکە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، زیادبوونێکی گەورە و پێوانەیی بەخۆیەوە بینیوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی ناوچەکە، لە مانگی ئابانی (تشرینی دووەم)ی ساڵی ڕابردوودا، دەریاچەی ورمێ لە خراپترین دۆخی وشکەساڵیدا بووە، بە شێوەیەک قەبارەی تەواوی ئاوی دەریاچەکە تەنیا 240ملیۆن مەتر سێجا بووە و ڕووبەری ئاوەکەش بۆ 456 کیلۆمەتر چوارگۆشە کەم ببووەوە، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەی ژینگەیی لەسەر ناوچەکە دروست کردبوو.
بەڵام ئامارە نوێیەکان کە هاوکاتن لەگەڵ وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ و گرتنەبەری چەند ڕێکارێکی ژینگەیی بۆ سەرڕێژکردنی ئاوی ڕووبارەکان، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی نیشان دەدەن.
بەراوردکردنی دۆخی ئێستا لەگەڵ داتاکانی ساڵی ڕابردوو، دەری دەخات کە قەبارەی ئاوی کۆکراوەی ناو دەریاچەکە 18هێندە زیادی کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی فراوانبوونی بەرچاوی ڕووبەری دەریاچەکە و ڕەواندنەوەی بەشێکی زۆر لە مەترسییە ژینگەییەکانی وەک زریانە خوێییەکان لەسەر سروشت و کشتوکاڵی ناوچەکە.