ماڵپەری کۆڵبەر نیوز بڵاویکردەوە، کۆڵبەرێکی خەڵکی پیرانشاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی موسا زیباپور، کە باوکی سێ منداڵە، لەلایەن هێزە ئەمنییە چەکدارەکانی ئێرانەوە لە ناوچە سنوورییەکانی بانه گیانی لەدەستدا.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕووداوەکە دوێنێ ئیوارە ڕوویداوە و سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە، کۆڵبەرەکە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە کراوەتە ئامانج و لە شوێنی ڕووداوەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و هێشتا تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.
زیباپور خێزاندار بووە، پێشتریش لە سنووری پیرانشار بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە بریندار کرابوو، بەڵام بەهۆی هەژاری و بێکارییەوە ناچار بوو دیسان بۆ کۆڵبەری بچێتەوە بۆ ناوچە سنوورییەکان.
بە گوێرەی ئامارە تۆمارکراوەکانی کۆڵبەرنیوز، لە شەش مانگی ڕابردوودا لانیکەم 57 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان کوژراون یان بریندار بوون کە زۆرینەیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران بووە.