پەنابەرێکی سیاسی و زیندانیی سیاسیی پێشووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر ڕەتکردنەوەی بەردەوامی داواکاریی پەنابەرێتییەکەی و بێ وەڵامی لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، لە بەردەم باڵەخانەی ئەو ڕێکخراوە لە شاری هەولێر کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەو پەنابەرە ناوی مستەفا قاسمی حەسەنوەندە و خەڵکی شارۆچکەی ئەلشتەرە لە پارێزگای لوڕستان. ناوبراو ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە و پێشتریش لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو و ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونی ببووەوە. ماڵپەڕی فەرمیی حزبی دیموکرات (کوردستان میدیا) هەواڵی کۆچی دوایی ناوبراوی پشتڕاست کردووەتەوە.
مستەفا قاسمی حەسەنوەند لە ماوەی نیشتەجێبوونی لە هەرێمی کوردستان، چەندین جار سەردانی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانی (UNHCR) کردبوو، بەڵام بەهۆی پێنەدانی وەڵام و نەبوونی هیچ پشتگیرییەکی یاسایی و دڵنیایی بۆ پاراستنی گیانی، تووشی دۆخی دەروونی ببوو.