کۆمەڵەی ژنانی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) بە بۆنەی نزیکبوونەوەی ساڵیادی سەرهەڵدانی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بزووتنەوەیە تەنیا داواکارییەکی کاتی نییە، بەڵکو شۆڕشێکی فکری و نوێگەرییەکی ڕاستەقینەیە لە مێژووی خەباتی گەلانی ئێراندا.
لە ڕاگەیەنراوەکەی کەژاردا هاتووە، سەرەڕای هەموو جۆرە سەرکوتکاری، سێدارە، دەستبەسەرکردن و سیاسەتە توندوتیژەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، نەتوانیراوە ڕۆحی ئازادی و بەرخۆدان بشکێنرێت.
هەروەها ئاماژە بە دۆخی زیندانیانی سیاسیی ژن کراوە، لەوانە زەینەب جەلالیان، وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و گوڵڕوخ ئیرایی، کە بە گوتەی کەژار خەباتەکەیان لە دژی هزر و عەقڵییەتی پیاوسالاری و سیستەمی حیجابی زۆرەملێ بەردەوامە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، جەخت لە فراوانکردن و قووڵکردنەوەی زیاتری فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" کراوەتەوە، کە بووەتە بزووتنەوەیەکی فرەنەتەوەیی گەورە.