لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژانە چیرۆکی تاڵی ئەو مرۆڤانە دووبارە دەبێتەوە، کە ناچارن بژێویی ژیانیان لەگەڵ مەترسیی مەرگدا بڕی بکەن.
لە نوێترین ڕووداودا دوێنێ ئێوارە، کۆڵبەرێک بە ناوی «موسا زیباپوور»، کە باوکی سێ منداڵە، لە سنوورەکانی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانی لەدەست دا.
بە گوێرەی گوتەی هاوڕێکانی، موسا زیباپوور بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە کراوەتە ئامانج و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە هەر لە شوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەست داوە. ناوبراو پێشتریش لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا بریندار ببوو، بەڵام بێکاری، هەژاری و گوشاری سەختی ئابووری دووبارە ڕێگەی مەترسیداری کۆڵبەرییان پێ بڕییەوە.
سەرەڕای داواکاری و هۆشداریی بەردەوامی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەسەر ڕاگرتنی تەقەکردن لە کۆڵبەران، حکومەتی ئێران هیچ هەنگاوێکی کرداریی بۆ بەرگرتن لەم ڕووداوانە نەناوە.
بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان، لە شەش مانگی ڕابردوودا لانیکەم 57 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکاندا کوژراون یان بریندار بوون، کە زۆربەیان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆوە بووە.
جگە لە فیشەکی هێزە سەر سنوور، سەرما و سۆڵەیە، کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی چیاکان و ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە ڕێگە سەختەکاندا، ڕاستەوخۆ ژیانی دەیان کۆڵبەری دیکە دەکەنە قوربانی، کە لە شارە جیاوازەکانەوە ڕوو لە سنوورەکان دەکەن.