بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی کوردپا، هێزە ئەمنییەکانی ئێران ڕۆژی سێشەممە مەنسوور کربەلایی، هاووڵاتییەکی ٣٠ ساڵەی خەڵکی گوندی سەڕچناری میاندواویان، دەستبەسەر کرد و بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی گواستییەوە بۆ زیندانی ناوەندیی بۆکان.
ناوبراو پێشتر لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥دا بە تۆمەتی "کردەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی" و "ئەندامێتی لە حیزبێکی کوردیی ئۆپۆزسیۆن" سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانیکردنی بەسەردا سەپابوو.
ئەم دەستبەسەرکردنە لە کاتێکدایە کە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتدا، دەسەڵاتدارانی تاران هەڵمەتێکی فراوانی گرتن و لە سێدارەدانیان دەستپێکردووە.
ڕێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، تەنها لە نێوان مانگەکانی شوبات تا ئایاردا، زیاتر لە ٦ هەزار کەس لەوانە خۆپیشاندەر، ڕۆژنامەوان، پارێزەر و ئەندامانی کەمایەتییە نەتەوەییەکان دەستبەسەر کراون.
هاوکات ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی کردووەتەوە کە تەنها لە مانگی تەمموزدا ٦٧ زیندانی لە ئێران لەسێدارە دراون، کە ٩ کەسیان زیندانیی سیاسی بوون و زۆربەیان بە تۆمەتی وەکو "موحارەبە" سزادراون.
شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئابی ٢٠٢٦دا داوایان لە حکومەتی ئێران کرد کۆتایی بە ئەشکەنجەدان، بێسەروشوێنکردنی ستەمکارانە و لەسێدارەدانی کەمایەتییەکان، بەتایبەت کورد و بلووچ، بهێنێت.