دوای ئەوەی ئەمریکا سوریای لە لیستی تیرۆر دەرهێنا، کۆمپانیاکانی ڤیزا و مەستەركارد یەکەم مامەڵەی کارتی نێودەوڵەتییان لە سوریا ئەنجام دا.
ئەم هەنگاوە قۆناغێکی گرنگە بۆ گەڕانەوەی وڵاتەکە بۆ ناو تۆڕە جیهانییەکانی پارەدان پاش دەیان ساڵ لە گەمارۆ و دابڕان.
کۆمپانیای كیو ئێن بی (QNB)ی قەتەری و مەستەركارد یەکەم مامەڵەیان لە سوریا تەواو کرد، هاوکات ڤیزا کاردیش تاقیکردنەوەی خزمەتگوزارییەکەی لەگەڵ بانکی فڕانسابنکی لوبنانی ئەنجام دا.
جێی باسە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا، بەشداری لە تاقیکردنەوەکەی ڤیزادا کرد و لە رێستۆرانتێکدا لە دیمەشق بە کارت پارەی دا.
ئەم پێشکەوتنە تەنها دوای دوو ڕۆژ لە لابردنی فەرمی سوریا لە لیستی دەوڵەتە لایەنگرەکانی تیرۆر هات لەلایەن واشنتنەوە، کە پێشتر گەورەترین ڕێگر بوو لەبەردەم بانک و وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەکاندا.