ڕێوار ئاودانان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (The Hindu)ی هیندی، هەڵوێستی فەرمی حیزبەکەی لەسەر دۆخی سیاسی و سەربازیی ئێران، هێرشە دەرەکییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند کە هێڵی سووریان پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی کوردە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ستراتیژی سەربازیی پژاک و سیاسەتی پاشەکشە یان بەرگری لە کاتی پێکدادانەکاندا، ڕێوار ئاودانان جەختیکردەوە کە هەر کاتێک هێرشەکانی ئێران هەڕەشە لە بوونی نەتەوەی کورد بکەن، ئەوا بە بێ دودڵی و لە چوارچێوەی مافی بەرگریی ڕەوادا وەڵام دەدەنەوە.
ئاودانان ڕاشیگەیاند: "ئێمە جووڵانەوەیەکی چەکداریی نەریتی نیین کە تەنها لە چوارچێوەی خەباتی چەکداریدا کار بکەین، بەڵکو حیزبێکی سیاسیین و دەمانەوێت لە چوارچێوەی سیاسەتی دیموکراتیکدا کار بکەین.
ئێران دەیەوێت لە جەنگێکی فرسەتخوازدا تێوەمان بگلێنێت، بەڵام ئێمە دەمانەوێت توانای کۆمەڵگەی کوردی بۆ خەباتی دیموکراتیک بپارێزین."
سەبارەت بە هەڵوێستی پژاک بەرانبەر بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران، ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان باوەڕیان بە دووانەی "هاندانی جەنگ" یان "سازکردنی جەنگ" نییە، بەڵکو هۆکاری سەرەکیی جەنگەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ سیاسەتی ناوخۆیی سەرکوتکەر و دەرەکیی پڕ لە ئاژاوەی ئێران.
ڕێوار ئاودانان جەختی لەوەش کردەوە کە: "پشارخستنی ئەم رژێمە دیکتاتۆرە و لێدان لە ناوەندە سەرکوتگەرەکانی، بە مەرجێک زیان بە هاووڵاتییانی مەدەنی نەگەیەنێت، لە ڕوانگەی سیاسەتی واقیعییەوە بابەتێکی ئەرێنییە."
لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەشدا، سەبارەت بە ئەگەری بەشداریی فراوانتر لە پێکدادانەکاندا، ئاودانان ڕایگەیاند کە ئەگەر دۆخی جەنگ و قەیرانەکە بگاتە ئاستێک کە هەڕەشە لەسەر بوونی نەتەوەی کورد دروست بکات، ئەوا بڕیاری پێویست دەدەن، و دوپاتیشیکردەوە کە دەرگای دبلۆماسییان بۆ هەموو ئەو هێز و حکومەتانە ئاواویە کە پەیوەندییەکانیان لە خزمەت ئازادیی کورد و سیستمێکی دیموکراتیکدا بێت لە ئێران.