هێزە ئەمنییەکانی ئێران دوو هاووڵاتیی کوردیان بە ناوەکانی عەبدوڵڵا پاشابادی و میلاد مورووەتی لە شارەکانی کرماشان و مەهاباد دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە 26ی تەممووزی 2026، هێزە ئەمنییەکان عەبدوڵڵا پاشابادیان، کە خەڵکی کامیارانە و لە شاری کرماشان نیشتەجێیە، بە بێ مۆڵەتی فەرمی دەستبەسەر کردووە.
دوای دوو ڕۆژ و لە پاشنیوەڕۆی 28ی تەممووزدا، هێزە ئەمنییەکان میلاد مورووەتی، کە فرۆشیاری کتێب و خوێندکاری بەشی یاسا لە زانکۆی ئازادی ئیسلامیی مەهابادە، لە شەقامی وەفایی ئەو شارە ڕایپێچ کرد و دەستبەسەری کرد.
هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەرکردنی مورووەتی، هەڵیانکوتایە سەر پەڕتووکفرۆشییەکەی بە ناوی "هیوی" و سەرجەم کەرەستە تایبەتییەکانیان، لەوانەش لاپتۆپەکەیان، دەست بەسەردا گرت.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە بارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی ئەم دوو هاووڵاتییە کراون، لەبەردەستدا نییە.