هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند بە "سەرکەوتوویی" کۆتاییان بە شەپۆلێکی فراوانی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران هێنا، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشە مووشەکییەکەی ڕۆژی ڕابردووی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا.
سێنتکۆم بە بڵاوکردنەوی گرتە ڤیدیۆییەک باسی لەوە کردووە، دەیان ئامانجی سوپای پاسدارانی ئێرانیان پێکاوە، لەوانە: ناوەندەکانی فەرماندەیی سەربازی، بنکەکانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، شوێنەکانی چاودێری و بەرگری کەناراوەکان، لەگەڵ توانا دەریاییەکان.
ئامانج لەم هێرشانە کەمکردنەوەی زیاتری ئەو هەڕەشانە بوو کە لەلایەن ئێران و بریکارەکانیەوە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، کەشتیڕانی بازرگانی، و وڵاتانی دراوسێی کەنداو دروستکراون.
سێنتکۆم باسی لەوەش کردووە لە 28ی تەممووزدا، هێزەکانی سوپای پاسداران چەندین مووشەکی بالیستییان لە ئێرانەوە هەڵداوە وبۆ سەر ئەو بنکانەی هێزەکانی ئەمریکا کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرکراون.
بەڵام سەرجەم مووشەکە ئێرانییەکان بە "سەرکەوتوویی خرایە خوارەوە و پووچەڵکرانەوە".
لە کۆتایشدا باسی لەوە کردووە زیاتر لە 50,000 ئەندامی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرکراون و لە ئاگادارییەکی بەرزی بەردەوامدا دەمێننەوە.