ڕاستەوخۆ

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران: مەترسیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی دەیان دەستبەسەرکراوی خۆپیشاندانەکان هەیە

reset font size increase font size

زیادبوونی خێرای ڕێژەی سزادراوان بە لەسێدارەدان لە نێو دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا، نیگەرانییەکی قوڵی لای ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دروست کردووە و لە ئێستادا دەیان کەس ڕووبەڕووی مەترسیی جێبەجێکردنی خێرای سزاکان بوونەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاندووە، زیاتر لە 70 دەستگیرکراوی خۆپیشاندانەکانی ڕابردوو لە گرتووخانەی ناوەندیی ئیسفەهان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، و لە ئێستادا 26 کەسیان بۆ ژوورە تاکەکەسییەکان گوازراونەتەوە، ئەمەش مەترسیی جێبەجێکردنی خێرای سزاکانی لێکەوتووەتەوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوەکە، تاوەکو ئێستا ناسنامەی 31 کەس لەو سزادراوانە پشتڕاست کراوەتەوە، کە لە نێویاندا سێ هاوڵاتیی ئەفغانستان و مێردمنداڵێکی تەمەن خوار 18 ساڵ بوونیان هەیە.

لای خۆیەوە، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئاماژەی بەوە داوە، بوونی زیاتر لە 70 خۆپیشاندەری سزادراو بە لەسێدارەدان تەنیا لە یەک گرتووخانەدا، نیشانەی ئەوەیە کە ژمارەی ڕاستەقینەی سزاکان لە سەرانسەری وڵاتدا زۆر لەوە زیاترە.

لە لایەکی ترەوە، هاوکات لەگەڵ ئەم دۆخە مەترسیدارە، دەیان زیندانی لە گرتووخانەی قزڵحەساری تاران ماوەی یانزە ڕۆژە لە دژی سزای لەسێدارەدان دەستیان داوەتە مانگرتن و داوای ڕاگرتنی یەکجاریی ئەو سزایانە دەکەن.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.