ڕاستەوخۆ

پاسەوانی سنووری ئێران: نزیکبوونەوە لە هێڵە سنوورییەکانی هەورامان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە

reset font size increase font size

هێزی پاسەوانیی سنووری ئێران، بەهۆی ئەوەی پێی دەڵێت "دۆخی هەستیار و تایبەت"، بڕیاری قەدەغەکردنی هاتووچۆی بۆ تەواوی ناوچە سنوورییەکانی سەر بە شاری سەوڵاوا لە پارێزگای سنە ڕاگەیاند و هۆشداریی توندیش دەداتە دانیشتووانی ناوچەکە.

بەگوێرەی ئاگادارییەک کە لەلایەن پاسەوانی سنووری ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، بە دیاریکراوی داوا لە دانیشتووانی گوندەکانی دزڵی، دەرەکێ و ناوچە شاخاوییە هاوسنوورەکانی دیکەی هەورامان کراوە کە "بۆ پاراستنی ئاسایشی گشتی و دوورکەوتنەوە لە مەترسییەکان"، بە هیچ شێوازێک نەک هەر لە هێڵە سنوورییەکان نزیک نەبنەوە، بەڵکو لە هەر جۆرە جووڵە و چالاکییەک لەو ناوچانەدا خۆیان بەدوور بگرن.

داخستنی ئەم دەروازە و ڕێڕەوە سنوورییانە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، لانی کەم سێ هاووڵاتی لە ناوچە سنوورییەکانی هەورامان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون، کە یەکێک لەوان منداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵ بووە لە گوندی دەرەکێ.

 ئەگەرچی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بڕیاری هاوشێوەی قەدەغەکردنی هاتووچۆ دراوە، بەڵام هاووڵاتییانی ناوچەکە و بەتایبەت کۆڵبەران، بەهۆی خراپیی ڕەوشی ئابووری و نەبوونی سەرچاوەی بژێوییەوە، زۆرجار ناچاردەبن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان ڕوو لەو ناوچە مەترسیدارە سنوورییانە بکەنەوە.

ئەم ڕێوشوێنە توندانەی تاران لە کاتێکدایە کە نزیکەی مانگێک لەمەوبەریش، سوپای پاسدارانی ئێران سنوورەکانی ناوچەی پاوەی لە پارێزگای کرماشان تا کاتێکی نادیار داخستبوو.

چڕکردنەوەی کۆنترۆڵە ئەمنییەکان دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شایەتی چەندین تێکەڵچوونی سەربازیی قورس بوون لە نێوان هێزەکانی حکومەت و پێشمەرگەی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بەپێی ئامارەکان بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی ١٥ کەس لە هەردوولا.

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.