عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیچ بژاردەیەکی تری لە بەرانبەردا نییە جگە لە گوفتوگۆکردن بە زمانی ڕێزگرتن و دۆزینەوەی چارەسەرێک لەسەر بنەمای دادپەروەری.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، گوشارە ئابوورییەکان و هەڕەشەکانی واشنتۆن دووبارەبوونەوەی سیاسەتە شکستخواردووکانی پێشوون، کە نەبووبوونە هۆی بەدیهێنانی ئامانجەکانیان. وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە، وڵاتەکەی لە گەماڕۆی ئابووری ناترسێت و پێویستە هەر لێکتێگەیشتنێکمان لەگەڵ ئەمریکا دەبێت ڕێز لە سەروەریی ئێران بگرێت.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، عەباس عێراقچی گەڕانەوەی ئەمریکای بۆ بەکارهێنانی سزاکان بە نیشانەی دەستەوسانی لە خستنەڕووی چارەسەری نوێ ناوبرد و ڕایگەیاند، ئامانجە سەربازی و ئابوورییەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە تاران وەک رابردوو تووشی شکست دەبنەوە.