مەنوشەهر مەتەکی، وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئێران، ڕەخنەی توندی لە ئاراستەی ئابووریی وڵاتەکەی گرت و ڕایگەیاند، رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتووەتە 66% و هەڵاوسانی مانگانەش 88%ی تێپەڕاندووە.
مەنوشەهر مەتەکی ئاماژەی بەوە کرد، کە گوشارێکی زۆر لەسەر کەلوپەلە سەرەکییەکان و خۆراک هەیە و قەرز و پابەندبوونی کەڵەکەبووی حکومەت و بانکەکان وەک خۆیان ماونەتەوە.
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران لە پەیامێکدا، کە ئاراستەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران و دەسەڵاتی دادوەریی وڵاتەکەی کردووە، ڕایگەیاند، هەڵاوسان و گرانبوونی نرخەکان بوونەتە بەشێک لە ڕێککەوتنێکی بێدەنگ لە نێوان ئەندامانی حکومەت و ئەو بازرگانانەی هەلپەرستن، بۆیە داوای لە بەرپرسان کرد بڕوایان بەوە هەبێت، کە دەکرێت ئابووری لە ژێر دەستبەسەرداگرتنی دۆلار ڕزگار بکرێت و گەل توانای بەڕێوەبردنی ئابووریی هەیە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئێران جەختی کردەوە، گەلی ئێران لە دە ڕۆژی داهاتوودا چاوەڕێی دەرچوونی بڕیاری لەسێدارەدان دەکات بۆ دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ.