ئاوەکانی کەنداو و گەرووی هورمز ڕووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی ئاڵۆزی و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازی بوون لەنێوان هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی ئەمریکا و سوپای پاسدارانی ئێراندا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی سوپای ئەمریکا، فڕۆکە جەنگییەکانیان 3 نەوتهەڵگری ئێرانییان کردووەتە ئامانج، کە یەکێکیان لە نزیک دوورگەی گرنگی "خارک" بووە.
ئەمریکا ڕوونی کردەوە ئەم هەنگاوە لە وەڵامی هەوڵەکانی سوپای پاسداران بووە بۆ ئاراستەکردنی موشەکی بالیستی بەرامبەر کەشتیی جەنگی و فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی. واشنتۆن جەختی کردەوە کە ئەو کەشتییانە سەر بە "تۆڕی سێبەر"بوون کە بە بەهای ملیارەها دۆلار هاوکاری دارایی بۆ سوپای پاسداران و هێزە هاوپەیمانەکانی دابین دەکات.
لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە ڕێگەی تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێرانەوە بڵاوکرایەوە، ئاشکرای کرد کە هێزە دەریاییەکانیان کەشتییەکی سەربازیی ئەمریکییان کردووەتە ئامانج، کاتێک هەوڵیدابوو بێتە ناو ناوچەی پارێزراوی دەریایی لە گەرووی هورمز.
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکادا، هێرشیان کردووەتە سەر 3 نەوتهەڵگر و 3 کەشتیی دیکەی سەربە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
میدیاکانی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە، تاران سوورە لەسەر درێژەدان بەو ڕووبەڕووبوونەوانە لەگەڵ ئەمریکا و پێدەچێت کە حکومەتی ئێران بڕیاری ئاڵۆزکردنی زیاتر و فراوانکردنی ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان هەنگاو بنێت.