موجتەبا خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ڕێگەی ڕاگەیێندراوێکەوە پەیامێکی ئاراستەی سەرجەم چین و توێژەکانی گەلی عێراق کرد، تێیدا پێکەوەبەستراوی و ستراتیژییەتی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدای لەم قۆناغەدا خستە ڕوو.
لە دەقی ڕاگەیێندراوە فەرمییەکەدا هاتووە، موجتەبا خامنەیی ڕێز و پێزانینی قووڵی خۆی ئاراستەی مەرجەعە ئایینییەکان، زانایان، مامۆستایانی حەوزە و زانکۆکان، سەرۆک هۆز و عەشایرەکان و گەنجانی غەیوری عێراق کردووە.
خامنەیی لە پەیامەکەیدا ستایشی پێگەی عێراقی کردووە و ڕایگەیاندووە: "گەلی بڕواداری عێراق کە شانازیی میوانداریکردنی مەزارە پیرۆزەکانی ئەهلیبەیتیان پێ بڕاوە، خاوەنی مێژوویەکی درەوشاوەی کولتوورین و سەرچاوەیەکی مەعنەوی وەک حەوزەی نەجەف ڕێپیشاندەری دەستکەوتە جیهادییەکانیانە لە بەرەی مقاوەمەدا".
ڕێبەری ئێران هاوکات ستایشی بەشداریی بەرفراوان و ملوێنیی عێراقییەکانی کرد لە ڕێوڕەسمی پێشوازیکردن و بەڕێکردنی تەرمی ڕێبەری پێشووی ئێران، ئەو بەشدارییەشی بە داستانێکی گەورە و پڕ لە مانای یەکڕیزی، تەبایی و برایەتیی نێوان هەردوو گەلی ئێران و عێراق پێناسە کرد.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، کە ڕەهەندێکی سەربازی و جیۆپۆلەتیکی بەخۆیەوە دەگرێت، موجتەبا خامنەیی هۆشداریی توندی دایە ئەمریکا و ڕایگەیاند: "ئامادەبوونی دەیان ملوێنیی خەڵک لە عێراق و ئێران بۆ بەڕێکردنی فەرماندەی مقاوەمە، وەرچەرخانێکی نوێی لە هۆشیاریی ناوچەکەدا دروست کردووە کە هاوکێشە پێشوەختەکانی داگیرکەرانی گۆڕیوە".
ڕێبەری ئێران جەختی کردەوە: "شەیتانی گەورە ــ ئەمریکای تاوانبار دەبێت بە باشی تێبگات کە بەردەوامیی مانەوەی و سەپاندنی هەژموونی بەسەر ئەم ناوچەیەدا بەبێ پێدانی باج و تێچووی قورس، تەنیا خەون و خەیاڵێکی بێ بنەمایە و قۆناغی نوێی ڕووبەڕووبوونەوە لە ناوچەکەدا دەستیپێکردووە".