بۆنەی تێپەڕبوونی 14 ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی شۆڕشی 19ی تەممووز لە ڕۆژئاوای کوردستان، فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) پەیامێکی فەرمیی پیرۆزبایی ئاراستەی ڕای گشتی کرد و تێیدا جەختی لەسەر بەردەوامیی پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕؤژئاوای کوردستان کردەوە.
لە پەیامەکەی فەرماندەیی گشتیی یەپەژەدا هاتووە، شۆڕشی ڕۆژئاوا، کە لە 19ی تەممووزی 2012دا دەستیپێکرد، وەڵامێکی مێژوویی گەلانی ئازادیخواز بوو لە دژی سیستمە دەسەڵاتخواز و هەژموونگەراکان و توانی لاپەڕەیەکی نوێ بۆ ڕزگاریی مرۆڤایەتی بنووسێتەوە.
یەپەژە لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەیدا تیشکی خستە سەر پێکهاتەی فرە پێکهاتەیی شۆڕشەکە و ڕایگەیاند: "گەلی کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی ناوچەکە لە سەرەتادا لە دژی ستەمی ڕژێمی بەعس و دواتریش لە دژی هێرشی گروپە چەتە جیاوازەکان وەستانەوە و سەریانی شۆڕ نەکرد".
لە ڕاگەیاندراوەکەی یەپەژەدا هاتووە: "ئەم شۆڕشە تەنها بۆ پێکهاتەیەک نەبوو، بەڵکو لە چوارچێوەی پرەنسیپی ژیانی هاوبەش و یەکساندا، پێکهاتەکانی عەرەب، تورکمان، ئەرمەن، سریان و ئاشووری لە دەوری یەک کۆکردەوە و هەمووان وەک شۆڕشی خۆیان و دەروازەی ڕزگاریی خۆیان لێییان ڕوانی.
پەیامەکەی یەپەژە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە مۆرکی سەرەکیی شۆڕشی ڕۆژئاوا، پێشەنگایەتیی بێوێنەی ژنان بووە لە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ و لە نێو کایەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا.