سۆنیتا عەلیزادە، چالاکوانی مافەکانی ژنان، مۆسیقای کچانی گۆڕی بۆ ئامرازێکی بەرگری و بوو بە دەنگی ئەو کچانەی کە ڕووبەڕووی هاوسەرگیریی پێشوەختە و زۆرەملێ دەبنەوە.
چیرۆکی ژیانی ئەو، تەنیا سەرکەوتنێکی کەسی نییە، بەڵکو هێمایەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ستەمە سیستماتیکییەی لە دژی ژنان دەکرێت.
سۆنیتا عەلیزادە لە ساڵی 1996 لە شاری هیراتی ئەفغانستان لەدایکبووە و منداڵیی لە ژێر سێبەری شەڕ و دەسەڵاتی تالیباندا بەڕێکردووە.
دواتر خێزانەکەی بەهۆی هەژارییەوە کۆچیان کرد بۆ ئێران، بەڵام لەوێش وەک پەنابەرێکی بێ ناسنامە ژیا و لە مافی خوێندن بێبەش کرا، بۆیە لە تەمەنێکی بچووکەوە دەستی بە کارکردن کرد بۆ هاوکاریکردنی خێزانەکەی.
وەرچەرخانی ژیانی سۆنیتا
گەورەترین وەرچەرخان لە ژیانی سۆنیتادا کاتێک بوو کە لە تەمەنی 10 ساڵیدا بۆ یەکەمجار ڕووبەڕووی هەڕەشەی هاوسەرگیریی زۆرەملێ بووەوە.
دواتر لە تەمەنی 16 ساڵیدا، خێزانەکەی بڕیاریاندا لەبەرانبەر بڕێک پارەدا بە هاوسەرگیری پێ بکەن.
ئەم بڕیارە بۆ سۆنیتا تەنیا نەریتێک نەبوو، بەڵکو بە واتای کۆتاییهاتن بە ئازادییەکانی دەهات.
لەو سەردەمەدا، مۆسیقا بۆ سۆنیتا بوو بە تاکە ڕێگەی ڕاکردن و بەرەنگاربوونەوە.
دوای ئەوەی لە ئێران ئاشنای مۆسیقای ڕاپ بوو، دەستی بە نووسینی تێکست و گۆتنی ڕاپ کرد، و بڕیاریدا لەبری بێدەنگی، دەنگی خۆی هەڵبڕێت.
گۆرانیی "کچانی فرۆشراو"
سۆنیتا کاتێک بینی هاوڕێکانی یەکە یەکە لە پۆلەکەی ون دەبن بەهۆی ئەوەی بە زۆرەملێ بە پیاوانی تەمەن گەورە دەفرۆشرێن، بڕیاریدا هاوار بکات.
لە کلیپی گۆرانیی "کچانی فرۆشراو" (Daughters for Sale)، کچە بووکێک نیشان دەدرێت کە ماکیاژی بۆ دەکرێت و پێناکەنێت، لەو کاتەدا سۆنیتا لە شاشەی تەلەفزیۆنەکەوە دەڵێت: "من هاوار دەکەم بۆ قەرەبووکردنەوەی بێدەنگیی تەمەنێکی ژنان. من لە پێناو ئەو برینە قووڵانەی سەر جەستەم هاوار دەکەم."
ئەم ڤیدیۆیە لە یوتیوب و تەنانەت لە تەلەفزیۆنەکانی ئەفغانستاندا دەنگدانەوەی زۆری هەبوو.
ڕۆخسارە قایم مەقامی، دەرهێنەری ئێرانی، لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە سۆنیتای ناسی و بەڵگەفیلمێکی بە ناوی "سۆنیتا" لەسەر ژیانی بەرهێنا، کە دواتر بووە هۆی ئەوەی سۆنیتا بانگهێشتی ئەمریکا بکرێت بۆ خوێندنی مافەکانی مرۆڤ و مۆسیقا.
سۆنیتا عەلیزادە: من ڕقو کینەم بەرامبەر دایکم نییە؛ دایکم خۆی قوربانیی هەمان نەریت بووە و وای دەزانی ئەوەی دەیکات باشترینە بۆ هەمووان.
"دامەزراندنی قوتابخانەیەکی نهێنی لە ئەفغانستان"
دوای ئەوەی تالیبان جارێکی دیکە دەسەڵاتی گرتەوە دەست و کچانی لە خوێندن بێ بەش کرد، سۆنیتا عەلیزادە هەنگاوێکی بوێرانەی نا و قوتابخانەیەکی نهێنی لە ناوخۆی ئەفغانستان بۆ ئەو کچانە دامەزراند کە خوێندنیان لێ قەدەغە کراوە.
سۆنیتا لەبارەی قوتابخانەکەیەوە دەڵێت: "زۆربەی ئەو کچانەی دێنە پۆلەکانمانەوە، بێ ئومێد بوون و تەنانەت هەندێکیان بیرۆکەی خۆکوژییان هەبوو، بەڵام لەم قوتابخانەیەدا نەک تەنیا وانە دەخوێنن، بەڵکو هێزی ئەوەیان پێدەدرێتەوە کە دووبارە خەون ببینن."
سۆنیتا عەلیزادە لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی لایۆن-هارت لە فێستیڤاڵی کان: خەونەکان گەورەترین چەکن؛ هەرگیز هێزی دەنگی خۆتان کەم سەیر مەکەن.
"من دەتوانم جیهان بگۆڕم"
سۆنیتا لەگەڵ ئەوەی بە خەمەوە باسی ئەوە دەکات کە خوشک و هاوڕێکانی وەک ئەو بەختەوەر نەبوون و فرۆشراون، بەڵام ئێستا وەک یەکێک لەو 12 کەسایەتییە کاریگەرە هەڵبژێردراوە کە وێنەیان بۆ ڕۆژژمێری ساڵی 2022ی کۆمپانیای (Lavazza) لەلایەن وێنەگری ناودار "ئیمانوێل لۆبێزکی"یەوە گیراوە، لەژێر دروشمی "من دەتوانم جیهان بگۆڕم".
ئەو دەلێت؛ "من ڕق و کینەم بەرامبەر دایکم نییە؛ دایکم خۆی قوربانیی هەمان نەریت بووە و وای دەزانی ئەوەی دەیکات باشترینە بۆ هەمووان."
ئەو کچە ڕاپەرە ئەفغانییە لە کۆتایی دیمانەکەیدا دەڵێت: "من لەسەر ئەو شتانە دەنووسم و دەخوێنم کە بۆم گرنگن؛ وەک شەڕ و چەوساندنەوەی منداڵان.
من خۆم وەک گۆرانیبێژێک دەبینم کە داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ دەکات و مۆسیقا بۆ ئەو مەبەستە بەکاردێنێت.
ئەزموونی ژیانم فێری کردم کە زۆر گرنگە مرۆڤ ئامانجی بەرز بێت و هەوڵ بۆ بەدیهێنانی خەونەکانی بدات، بۆ ئەوەش سەرەتا دەبێت بتوانیت خەون ببینی."