ڕاستەوخۆ

سونا ئالان دەنگی ژن و ناسنامەی کورد دەباتە سەر تەختەی شانۆ نێودەوڵەتییەکان

reset font size increase font size

سونا ئالان، هونەرمەند و ڕۆژنامەوان، لە گەشتێکی دوورودرێژی ژیانیدا کە لە چەولیگی باکووری کوردستانەوە بۆ ئیزمیر و لەوێشەوە بۆ لەندەن درێژ دەبێتەوە، زمانی کوردی دەکاتە چەقی کارە هونەرییەکانی و مۆسیقای فرەزمانی دەباتە سەر تەختەی شانۆ نێودەوڵەتییەکان.

 ئەو لە چاوپێکەوپێکەوتنێکدا باسی ڕەگی هونەرەکەی، گەیاندنی میراتی مێزۆپۆتامیا و خاڵە هاوبەشەکانی نێوان ڕۆژنامەوانی و مۆسیقا دەکات.

سونا ئالان، کۆچبەریی سەردەمی منداڵیی خۆی لە چەولیگەوە بۆ ئیزمیر وەک گواستنەوەی بیرەوەری، زمان و ناسنامە پێناسە دەکات.

 ئەو پێیوایە هێنانی ڕەسەنایەتیی چاندی دەنگبێژی، کلۆن و کولتووری زارەکیی باوەڕی عەلەویاتی بۆ ناو ژینگەیەکی فرەکولتوور، بووەتە هەوێنی ئەو هەستە قوڵەی کە لە دەنگیدا دەبیسترێت.

ئێستا لە لەندەن، ئەو نەک تەنیا بە کوردی، بەڵکو بە زمانەکانی ئەرمەنی، یۆنانی، سریانی، عەرەبی، لادینۆ و تورکیش گۆرانی دەڵێت، تاوەکو بیرەوەریی هاوبەشی گەلانی ئەو جوگرافیایە بە زیندوویی بهێڵێتەوە.

ڕۆژنامەوانی و مۆسیقا؛ شاهیدیدان بۆ مێژوو

ئەم هونەرمەندە کە لە هەمان کاتدا وەک ڕۆژنامەوانێک کار دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە هەردوو بوارەکە بۆ ڕەخساندنی دەرفەتێکە بۆ ئەو مرۆڤانەی دەنگیان کپ کراوە و نابیسترێت.

مۆدێلی هەرە بەرچاوی ئەمەش، ئەو بەرهەمەیە کە بۆ نادیە موراد، چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤی ئێزدی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئامادەی کردووە. ئالان دەڵێت:

"هونەر، شاردنەوەی ئازارەکان نییە لە ڕێگەی جوانکارییەوە، بەڵکو بەبیرهێنانەوەی شوێنی ڕاستەقینەی ئەوانەیە لە ویژدانی مرۆڤایەتیدا."

لە 'ئێدەرلەزی'یەوە بۆ ‘ئەز دلەرزیم’

ئالان چیرۆکی گونجاندنی گۆرانیی بەناوبانگی ناوچەی بەڵکان 'ئێدەرلەزی' دەگێڕێتەوە، کە بە ناوی 'ئەز دلەرزیم' (من دەلەرزام) بە کوردی ئامادەی کردووە و پێشکەشی قوربانیانی بێسەروشوێنی مێزۆپۆتامیای کردووە.

 دەڵێت دوای گەشتێکی درێژخایەن بۆ هەشت وڵاتی بەڵکان، هەستی کردووە کە لە نێوان ئەزموونی گەلانی بەڵکان و شۆکە مێژووییەکانی گەلی کورددا، خاڵ و هەستی هاوبەشی زۆر هەن، و ئەم بەرهەمە زمانی هاوبەشی کۆچ، ونبوون و تامەزرۆییە.

میراتی ئەرژەن ئاری و پەیامی کۆتایی

سونا ئالان، کە شێعرەکانی شاعیری کۆچکردووی ناوداری کورد 'ئەرژەن ئاری' کردووە بە مۆسیقا، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە ئەدەبیات کاتێک تێکەڵی مۆسیقا دەبێت، قووڵاییەکی هزریی نوێ بە دەنگەکە دەبەخشێت.

 لە کۆتایی پەیامەکەشیدا بۆ خوێنەران، بانگ دەکات کە بیرەوەری و مێژووی خۆمان نەک بە ڕق و قین، بەڵکو بە ڕاستی و ویژدانەوە بە زیندوویی بهێڵینەوە و دەڵێت:

"با کتێب بخوێنینەوە، گوێ لە شێعر بگرین، بچینە کۆنسێرتەکان و تامەزرۆی بیستنی چیرۆکەکانی یەکدی بین. چونکە هەرچەندە زیاتر یەکدی بناسین، ترسەکانمان کەمتر دەبنەوە و خاڵە هاوبەشەکانمان زیاتر دەبن."

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.