بەگوێرەی نوێترین ڕاپۆرتی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان (UNFPA)، لەگەڵ چوونە نێو دووەم مانگی جەنگی ناوچەکەوە، دۆخی مرۆیی لە لوبنان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و لە کۆی زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار ئاوارە، نزیکەی 620هەزار کەسیان ژن و کچن کە ڕووبەڕووی مەترسیی گەورەی وەک تووندوتیژیی جێندەری، دەستدرێژی و بێبەشبوون لە سەرەتاییترین مافە تەندروستییەکان بوونەتەوە.
لە نێو ئەو ژمارەیەشدا، 13 هەزار و 500 ژنی دووگیان هەن کە 1700ـیان لە باشووری لوبنانن و ژیانیان لە مەترسیدایە و بەهۆی شەڕەوە دەستیان بە هیچ ناوەندێکی پزیشکی ناگات.
ئاناندیتا فلیپۆس، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان ڕایگەیاندووە کە ژنان لە دۆخێکی پڕ لە ترس و لەژێر ئاگری شەڕدا منداڵیان دەبێت، لە کاتێکدا ئاژانسەکە لە ڕێگەی 9 تیمی گەڕۆک و 55 بنکەی تەندروستییەوە هەوڵی گەیاندنی پێداویستییەکانی پاککەرەوە و چارەسەری دەروونی دەدات، بەڵام بەهۆی ئەوەی، وەک لە ڕاپۆرتەکەدا باسی دەکەن، تەنیا 1.4 ملیۆن دۆلار لە کۆی ئەو 12 ملیۆن دۆلارەی داوایان کردبوو دابینکراوە، مەترسییەکی گەورە هەیە کە لە دوای ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە تەواوی خزمەتگوزارییەکانی فریاگوزاری و پاراستنی ژنان کۆتایان پێبێت.
بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر کەرتی تەندروستی و دابینکردنی بودجەی بەپەلە دەکات.