دادگایەکی باکووری کوردستان، سزای 19 ساڵ و شەش مانگ زیندانیی بەسەر عایشە گۆکان، سیاسەتەمەداری کورد و گوتەبێژی پێشووی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (TJA) سەپاندەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی پێشتر چەندین جار بڕیارەکانی دژی ناوبراو لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە هەڵوەشێنرابوونەوە.
لە پێنجەمین دانیشتنی دووبارە دادگاییکردنەوەی عایشە گۆککان لە دادگای 9ی سزا قورسەکانی ئامەد، دادوەر بڕیاری کۆتایی خۆی لەسەر دۆسیەکەدا.
گۆککان کە ئێستا لە زیندانی ژنانی سینجان لە ئەنقەرە دەستبەسەرە، لە ڕێگەی سیستمی دەنگ و ڕەنگ (SEGBİS) هێنراوەتە سەر هێڵ و پارێزەران و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ژنانیش لە هۆڵی دادگا ئامادە بوون.
لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکەدا، داواکاری گشتی داوای کرد گۆکان بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە ڕێکخراوی تیرۆریستی" سزا بدرێت، بەڵام هاوکات پێشنیازی ئازادکردنی کردبوو بەهۆی درێژبوونەوەی ماوەی دەستبەسەرکردنی، بەڵام دادگا پێشنیازی ئازادکردنەکەی ڕەتکردەوە.
عایشە گۆکان، لە گوتارێکی بەرگری کورتی بە زمانی کوردی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند کە ئەم دادگاییکردنە ڕاستەوخۆ ناسنامەی ئەو دەکاتە ئامانج.
گۆکان گوتی: "من بەهۆی ئەوەی ژنێکی کوردم و پابەندم بە فەلسەفەی (ژن، ژیان، ئازادی) بوومەتە ئامانج و سزا دەدرێم." جەختیشی کردەوە کە هیچ کام لە چالاکییەکانی تاوان نین و دۆسیەکە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی هەڵبەستراوی پۆلیس ئامادە کراوە.
پارێزەرانی گۆکان ڕایانگەیاند کە دادگاییکردنەکە نادادپەروەرانەیە، چونکە دادگا تەنیا پشتی بە ڕاپۆرتەکانی پۆلیس بەستووە و داواکارییەکانی تیمی بەرگری پشتگوێ خستووە.
پارێزەران بیری دادگایان هێنایەوە کە ئەم دۆسیەیە پێشتر چەندین جار لەلایەن دادگای باڵای پێداچوونەوەوە هەڵوەشێنراوەتەوە و هەر بڕیارێک جگە لە بێبەریبوونی، دووبارە هەڵدەوەشێندرێتەوە.
هاوکات ئاماژەیان بە تێکچوونی باری تەندروستی گۆکان کرد و داوای ئازادکردنیان کرد.
دوای پشوویەکی کورت، دادگا بڕیاری خۆی ڕاگەیاند و بە پشتبەستن بە دوو دۆسیەی جیاواز، سزای کۆتایی 19 ساڵ و شەش مانگ زیندانیی بەسەر عایشە گۆککاندا سەپاند و بڕیاریشیدا لە زیندان بمێنێتەوە.
عایشە گۆککان، لە دایکبووی ساڵی 1965ی شاری سرووچی ڕوحایە و دەرچووی بەشی ڕۆژنامەوانییە، لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەودەکانەوە لەنێو بزووتنەوەی سیاسیی کورددا لە باکووری کوردستان کار دەکات و پێشتر سەرۆکی شارەوانی نوسەیبین بووە لە پارێزگای مێردین، هاوکات وەک ڕۆژنامەنووس و ستوونووس لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردیدا کاری کردووە.