ئەفسانە و مامۆستای گەورەی شەترەنجی هەنگاریا، جودیت پۆلگار، کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکی داهاتووی وڵاتەکەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، هەست ناکات لەم کاتەدا توانای یەکخستنی نەتەوەکەی هەبێت.
پۆڵگار لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن پیتەر ماگیار، سەرۆک وەزیرانی هەنگاریاوە پێشنیاری وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی دەوڵەتی لێکرا، بڕیاریدا بە ڕێزەوە پێشنیارەکە ڕەت بکاتەوە.
ناوبراو نووسیویەتی: «هەست ناکەم توانای ئەوەم هەبێت بەرپرسیارێتی مێژوویی یەکخستنی نەتەوەیەکی دابەشکراو لە ئەستۆ بگرم، بۆیە دەبێت بە ڕێزەوە کاندیدکردنەکە ڕەت بکەمەوە.» هاوكات سوپاسی سەرۆک وەزیران و ئەو کەسایەتییانەی کرد کە پشتیوانیی کاندیدکردنیان کردبوو.
کاندیدکردنی پۆلگار دوای ئەوە هات کە پارتی «تیسزا»ی فەرمانڕەوا داوای لە هاووڵاتییان کرد کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار پێشنیار بکارێن، دواتریش ناوەکەی لەلایەن ١٦ کەسایەتیی دیاری هەنگاریاوە پشتیوانیی لێکرا. سەرۆک وەزیرانی هەنگاریاش لە پەیامێکدا پۆلگاری بە «هاوواتای بەهرە و کۆڵنەدان» وەسف کرد.
ئەم پێشنیارە لە کاتێکدایە کە هەنگاریا بەدوای سەرۆکێکی نوێدا دەگەڕێت، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو بەپێی هەموارکردنێکی دەستووری، کۆتایی به خولی سەرۆکایەتیی تاماس سولیۆک هێنرا.
بەپێی دەستووری هەنگاریا، دەبێت پەرلەمانی وڵاتەکە لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێرێت.
جودیت پۆلگار، لە ساڵی ١٩٧٦ لە بوداپێست لەدایکبووە، بە یەکێک لە بەهێزترین و ناودارترین یاریزانانی شەترەنجی مێژووی جیهان دادەنرێت و پێنج جار پاڵەوانی ئۆڵۆمپیادی شەترەنج بووە.